هەواڵ

لە کۆبوونەوەی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراق دەمەقاڵی توند دروست دەبێت

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، لەکاتی دەنگدان لەسەر زیادکردنی بڕگەی جێگیرکردن و پەسندکردنی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا بە سوپاسالاری عێراق، دەمەقاڵییەکی تووند لەنێوان هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دروستبوو.

ئەو بڕگەیە لە بەرنامەی کاردا نەبوو، بەڵام هەیبەت حەلبووسی لەسەر داواکاریی 72 پەرلەمانتار خستیە نێو بەرنامەی کارەوە، ئەوەش ناڕەزایی فەرهاد ئەترووشی و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لێکەوتەوە. فەرهاد ئەترووشی بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، ئەو خاڵە لە بەرنامەی کاردا نییە و بەم شێوەیە لێت قبووڵ ناکرێ.

سوپاسالاری عێراق لە ساڵی 2003 تاوەکو 2015 لای کورد بوو، بەڵام دوای خانەنشینبوونی فەریق بابەکر زێباری لەو پۆستە لە ساڵی 2015دا، تاوەکو ئێستا ئەو پۆستە لای پێکهاتەی شیعەیە.

ئەمەش دەقی دەمەقاڵیی تووندی نێوان هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فەرهاد ئەترووشی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق:

هەیبەت حەلبووسی: خوشک و برایانی پەرلەمانتاری بەڕێز، داواکارییەک پێشکێش کراوە لەلایەن 72 پەرلەمانتارەوە. خوشک و برایانی پەرلەمانتاری بەڕێز واژۆیان لەسەری کردووە کە داوا دەکەن بڕگەی دەنگدان لەسەر جێگیرکردنی ئەمینداری بەغدای پایتەخت زیادبکرێ. داوا لە پەرلەمان دەکەم دەنگ لەسەر زیادکردنی ئەم بڕگەیە بدەن … دەنگدان…. رەمەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی ئەم بڕگەیە….

هەیبەت حەلبووسی: برایان رێگەم پێبدەن داواکارییەکی خوشکان و برایانی بەڕێز لە پەرلەمانتاران زیادکراوە کە داوادەکەن دەنگ لەسەر سوپاسالاری عێراقی بدەن. داوا لە پەرلەمان دەکەم دەنگبدەن بە زیادکردنی بڕگەی دەنگدان لەسەر سوپاسالاری عێراق…. رەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی ئەم بڕگەیە.  

فەرهاد ئەترووشی: سەرۆک… خاڵی پەیڕەوی هەیە… ئەمە رێککەوتنی لەسەر نەکراوە. 

هەیبەت حەلبووسی: پابەندم بە پەیڕەوی ناوخۆ، بەڕێز جێگر.

فەرهاد ئەترووشی: هاوسەنگی لە کوێیە؟ 

هەیبەت حەلبووسی: ئەم بڕگەیە زیادکراوە

فەرهاد ئەترووشی: ئەمە قبووڵ ناکەین

هەیبەت حەلبووسی: داوا لە پەرلەمان دەکەم دەنگبدەن لەسەر ئەمینداری بەغدای پایتەخت  کە بەڕێز عەممارە… رەزامەندی درا.

فەرهاد ئەترووشی: بەخوا رەتدەکرێتەوە.

هەیبەت حەلبووسی: چیت لە دەست دێت، بیکە.

فەرهاد ئەترووشی: بەخوا رەتدەکرێتەوە، بەخوا رەتدەکرێتەوە. بە خوا ئەمەت لێ قبووڵ ناکرێ.

فەرهاد ئەترووشی: بەخوا ئەمەت لێ قبووڵ ناکرێ؛ ئەم رەتدەکرێتەوە.

فەرهاد ئەترووشی: بەخوا ئەمەت لێ قبووڵ ناکرێ، ئەم رەتدەکرێتەوە.

هەیبەت حەلبووسی: داوا لە پەرلەمان دەکەم دەنگ بدات لەسەر جێگرکردنی سوپاسالاری عێراق …. رەزامەندی لەسەر درا.

فەرهاد ئەترووشی: بەخوا ئەمەت لێ قبووڵ ناکرێت. ئەمە پەرلەمان نییە و دەنگدانیش نییە. دەنگدان نییە 

هەیبەت حەلبووسی: پەیڕەوی نێوخۆییە.

پەرلەمانتارێک: بێدەنگ بن؛ بێدەنگ بن

هەیبەت حەلبووسی: برایان دانیشن.

فەرهاد ئەترووشی: قبووڵ ناکەین… قبووڵ ناکەین 

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button