وتار

بڕۆن، ئێوە بڕۆن

دەچنە بەغدا، دەڵێن ئەی کوا ڕیفراندۆمەکەتان؟ دەچنە تاران، دەڵێن: کوا تۆڵەی درۆن و مووشەکبارانەکەتان؟ دەچنە ئەنقەرە، دەڵێن: دیسان پەکەکەتان فرۆشت؟ دەچنە واشنتۆن، دەڵێن: خۆتان ماندوو مەکەن هیچتان بۆ ناکەن؟ دەچنە دوبەی، دەڵێن ئەوە بۆ بازرگانیی چوون..؟

هەر ئەوەی دەڵێ مەڕۆنە بەغدا، خۆی دەچێت و ڕەیان کلدانی دەیبینێت.! هەر ئەوەی دەڵێ مەڕۆنە تاران، خۆی دەچێت و لەڕیزی دواوە دەوەستێت.! هەر ئەوەی دەڵێ مەڕۆنە ئەنقەرە، لە فرۆکەخانە ڕێی لێ دەگیرێ.! هەر ئەوەی دەڵێ مەڕۆنە واشنتۆن، لە پرسگەی هیچ وەزارەتێک پێشوازی ناکرێ.! ئەوەیش کە دەڵێ مەڕۆنە دوبەی، حوشترەوانێکیش لەوێ نایناسێت.!

بڕۆن، تکایە ئێوە بڕۆن.. گوێ لە قسەی پڕوپووچ مەگرن، ئاوڕ لە دەنگ و دەهۆڵی ئەموئەو مەدەنەوە، سەرۆک و سەرکردەی سەرکەوتوو ئەوەیە لە هەرکوێ ترووسکاییەک بەدی بکات، ئەو ڕوو لەوێ بکات، سیاسەت ئەوەیە دەیکەیت و هیچیش ناڵێیت، نەک ئەوەی دەیڵێیت و نایکەیت.

بڕۆن، تکایە ئێوە بڕۆن، گوێ لە ئۆپۆزیسیۆنی دووڕوو، خەڵکی هەلپەرست و بێ هەڵوێست، حزبی مشەخۆر و هاوڕێی نیوەڕێ، مەگرن، ئەوانەی لە هیچ شتێکی ئەم وڵاتە ڕازی نین، لەخواش ڕازی نین، دەتانەوێ لە ئێوە ڕازی بن..؟!

ئەم وڵاتە، خۆش و ناخۆش، باش و خراپ، ئارام و شلەژاو، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دواجار هەر لە ئەستۆی ئێوەیە، هاووڵاتی ناڕازی، هاووڵاتی ڕازی، تووڕە یان هێمن، لە سێبەری گۆیژە و بناری سەفین و سەری گارا بێت، ئەوەی خۆشیدەوێن و ئەوەیش کە ڕقی لێتانە، دواجار چاوی هەر چاوەڕێی ئێوەیە، ئێوەنەبن ئەوانەی تر هیچ نین، هەر بەڕاستی هیچ نین، کێ کوڕەکانی کاک فلان دەناسێت..؟! کێ حیساب بۆ منداڵەکانی مام فلان دەکات..؟ کێ مامەڵە لەگەڵ وەلی عەهدی مامۆستا فلان دەکات..؟

بڕۆن تکایە ئێوە بڕۆن.. ئەگەر خەڵکێک پشتی بە گردێک بەستووە، ئێوە شاخێکی زۆر مەزنتان لە پشتە، سڵ لە هیچ مەکەنەوە، کێ چی دەڵێ و کێ ناڕازییە و کێ نیگەرانە و کێ زیز دەبێت، با ببێت، گرنگ ئەوەیە میللەتێک کە چاوی لەدەستی ئێوەیە، بێ ئومێدی نەکەن. بڕۆن ئێوە بڕۆن و چی دەتوانرێت بیکەن، جڵەوی هەموو جومگەکان بگرنەدەست و چی نەگوتراوە، با بیڵێن، ئەوەی ئەوان تێکیانداوە، چاکی بکەنەوە، ئەوەی ئەوانەیتر خواریان کردۆتەوە، ڕاستی بکەنەوە، ئەمما ڕاستکردنەوە ها..!

سەردار حوسێن

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button