نوێنەری تڕەمپ لەگەڵ بارزانی باسی چیان کردووە

ڕۆژی شەممە 17ی كانوونی دووەمی 2026 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا و شاندی یاوەری كرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە: لە دیدارەكەدا كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، تۆم باراك سڵاو و ڕێزی سەرۆك ترامپی بە سەرۆك بارزانی گەیاند، هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە پڕۆسەی ئاشتی و هێوركردنەوەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی سووریا.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوایین گۆڕانكارییە مەیدانیەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ گەییشتن بە چارەسەریی كێشەكان پێویستە پشت بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و شێوازی ئاشتیانە ببەسترێت. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵی ئەمەریكای لە یارمەتیدانی لایەنەكانی سووریا كرد بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە لە داهاتووی سووریادا مافەكانی گەلی كورد گەرەنتی بكرێت.



