
پرۆژەی ڕووناکی لە قەزی کۆیە دەستی بەکارەکانی کرد و بڕیارە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژە نیشتمانییەوە، 39 هەزار هاوبەشی کارەبا لە قەزاکە سوودمەندبن.
پرۆژەی ڕووناکی کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە، ئامانجیش ئەوەیە تاوەکو کۆتایی مانگی 6ـی ئەمساڵ کارەبای هەموو هەرێمی کوردستان بکرێتە 24 کاتژمێری.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتە قەزای کۆیە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کارە تەکنیکییەکانی بە فەرمی دەستی پێ کردووە؛ بڕیارە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژە نیشتمانییەوە، 39 هەزار هاوبەشی کارەبا لە قەزاکە سوودمەندبن.
سەرچاوەکە وتی؛ بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، هەردوو قەزای شەقڵاوە و پیرمام بگرێتەوە، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە کێشەی بڕانی کارەبا، خزمەتگوزارییەکانی دەگەیەنێتە 34 هەزار هاوبەش لە قەزای شەقڵاوە و 24 هەزار هاوبەشی دیکە لە قەزای پیرمام.
تائێستا نزیکەی 80%ـی خەڵکی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری بۆ دابین کراوە، بەهۆیەوە چوار هەزار مۆلیدە کوژێنراونەتەوە و هەڵگیراون، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، لە قەزاکانی سەیدسادق، پێنجوێن، قەڵادزێ، چۆمان، سیدەکان، مێرگەسۆر، ئاکرێ و ئامێدی تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی دەست بەکارکردن بکەن.
پێشتر سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاندبوو؛ تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێری دەگاتە هەموو ماڵێکی هەرێمی کوردستان، بەڵام جێبەجێکردنی کارەکانی ئەم پڕۆژەیە خێراترکراوە، بڕیاروایە تاوەکو کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی شاروشاروچکەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.



