
هەرێمی کوردستان؛ وەکو ناوەندێکی بڕیار و سەقامگیر بۆ ناوچەکە
نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە ڕاشکاوی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند: “تۆ هۆکاری سەرەکی بوویت لەوەی شەڕ و توندوتیژی لە سووریا فراوانتر نەبێت.” هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: “هیوادارن عێراقیش بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، سوود لە حیکمەت و ڕێنوێنییەکانی جەنابتان وەربگیرێت.”
تۆم باراک، کە نوێنەری دۆناڵد ترەمپە بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە تورکیا، بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەردەوام هانای بۆ سەرۆک بارزانی بردووە.
تەنها لە دوو مانگی ڕابردوودا، دوو جار سەردانی پیرمامی کردووە و چوار پەیوەندیی تەلەفۆنیی گرنگی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجام داوە. ئەمە جگە لەوەی لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیدا، سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمیشی کردووە.
بەمەش بۆمان دەردەکەوێت، کە هەرێمی کوردستان تەنها قەوارەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو ناوچەیەکی گرنگە بۆ سەقامگیریی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
پشتبەستنی ئەمریکا بە سەرکردایەتیی کورد، پێمان دەڵێت؛ کلیلی چارەسەری زۆرێک لە گرێکوێرە سیاسییەکانی ناوچەکە، لە پیرمام و لەژێر سایەی سیاسەتێکی حەکیمانەدایە کە توانیویەتی هاوسەنگیی هێز بپارێزێت و هەرێمەکەمان لە مەترسییەکانی جەنگ دوور بخاتەوە.
محمد رەفیق کوردی



