ئەمەریکا تەواو هێزەکانی دەکشێنێتەوە

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکیان ڕاگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە بە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی لە سووریا، کە ژمارەیان نزیکەی هەزار سەربازە.
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ڕۆژنامەكەیان وتووە، هێزەکانی ئەو وڵاتە لەم مانگەدا بە تەواوی لە بنکەی تەنەف لەسەر سنووری سووریا، ئوردن و عێراق و بنکەی شەدادی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کشاونەتەوە. بڕیارە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، کشانەوە لە تەواوی بنکەکانی دیکەش تەواو بکرێت.
بەپێی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە، ئیدارەی ترەمپ پێیوایە مانەوەی سەربازەکانیان لە سووریا چیتر پێویست نییە.
بەپێی ڕۆژنامەکە، واشنتن دەیەوێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی سووریا بەهێز بکات، لەم چوارچێوەیەدا، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی هاوتا سوورییەکەی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی شەڕی دژی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و پاراستنی ئاگربەست لەگەڵ کورد.
یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کشانەوەکە، کەمکردنەوەی مەترسی پێکدادانە لەگەڵ سوپای نوێی سووریا، کە دەگوترێت ژمارەیەک چەکداری توندڕەو و لایەنگری قاعیدە و داعشی تێدایە. ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی 12ـی ساڵی ڕابردوودا، دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکی لەلایەن ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە کوژران.
بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەشیان بە ڕۆژنامەكە وتووە، کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا هیچ پەیوەندییەکی بە ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێرشی سەر ئێران نییە. حکومەتی نوێی سووریا بەرپرسیارێتی شەڕی تیرۆر دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئەگەر مەترسییەکانی داعش دووبارە سەرهەڵبدەنەوە ئەمریکا دەستوەردان دەکات.



