کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام دەدرێت

چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکایەتیی حکومەت دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن هۆشداری داوە دەبێت پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە کێشەی کاندیدی نوێ بە تەواوی چارەسەر بکرێت.
واشنتن لە ڕێگەی باڵیۆزی عێراقەوە نامەیەکی نهێنی و تووندی ناردووە، تێیدا مۆڵەتی 48 کاتژمێری بۆ کشانەوەی نووری مالیکی داناوە، ئەگەرنا سزای تووند بەسەر عێراق و لایەنە پاڵپشتەکاندا دەسەپێنێت.
سەرچاوەیەکی سیاسی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیای عێراقی ڕایگەیاندووە، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی “یەکلاکەرەوە” دەکەن؛ ئامانجی کۆبوونەوەکە یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەتە، پێش ئەوەی سبەی پێنجشەممە مۆڵەتە نوێیەکەی ئەمریکا کۆتایی پێ بێت.
٠ ئەو کۆبوونەوە ڕاوێژکارییانەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان بەشێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەکەدا کراون، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ ئەوەی بەمزووانە کۆببنەوە و بڕیاری کۆتایی لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران بدەن.
سەرکردەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژە بەوە دەدەن، بەشێکی زۆری لایەنەکان داوای کشانەوەی کاندیدبوونی مالیکی دەکەن، بەڵام ناوبراو تاوەکو ئێستا سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستەکە و کشانەوەی خۆی تەنیا بە بڕیارێکی فەرمیی هاوپەیمانییەکە دەبەستێتەوە.



