وتار

پەیەدە نازانێت لە كوردستان دەژی!

ھەرچەند پێشتریش ھەر وا بوون، بەڵام لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سووریاوە و ھەتا ئێستا، كە باسی گفتوگۆكردن لەگەڵ دیمەشقی نوێ دەكرێت، بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەندەی سەرنجم دابێ، بەگشتی بەرپرسانی پەیەدەی خاوەن خۆسەری سەر بە پەكەكە، ھەتا ئێستاش ھەر دەڵێن باكوور و باكووری ڕۆژھەڵاتی سووریا، وەك ئەوەی ئەو بەشە لە كوردستان لە ئەزەلەوە موڵكی سووریا بووبێت، یان ئەگەر ناوی كوردستان بێنن، لە ھەموو بەھایەكی مرۆیی دادەماڵرێن!

ئەوە ڕاستە، كە ھەر حزب و ڕێكخراوێكی كوردی لە سەردەمی حوكمی حافز و بەشار ئەسەدی كوڕیەوە، خۆی شەتەك دابێت بە ڕژێمی بەعسی سووریاوە و لە دیمەشق بنكە و بارەگای خستبێت و ھەندێك چەك و پارەی لە بەعسی سووریا وەرگرتبێت، دەبوایە پێشوەختە بۆ بەعسی سووریای مۆر بكات، كە كوردستان سێ بەشە نەك چوار! چونكە بەشە لێكێندراوەكەی بە سووریاوە، ئەوە كوردستان نیە! بەڵكوو ئەوە لە ئەزەڵەوە ھی خەڵكی دیكە بوون، بەڵام كە بەشێك لە كورد لە كاتی جەنگی یەكەمی جیھانییەوە لە باكووری كوردستان، واتە لە توركیا ئاوارە بوون و ھاتوونەتە ئەو ناوچانەی سووریا، واتە بەگوێرەی ئەم حسابە بەعسییانەیە، تەمەنی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان سەد و شتێك ساڵە! ئەوە بۆیە ئەو كاتەی سەرۆكی پەكەكە دەچێتە سووریا و لەوێ شوێنی شاھانەی بۆ حەوانەوەی خۆی بۆ دابین دەكرێت، ئیتر دەستبەجێ سووریای بەعس وەك سەربازی سووریا مامەڵە لەگەڵ پەكەكەدا دەكات و دیمەشق چیی ویستبێت ئەوەی بە پەكەكە كردووە، بەڵام ئەوەی سەیرە، ھەتا ئێستاش ئەم پەروەردەیەی بەعسی سووریا بۆ نكۆلیكردن لەو بەشەی كوردستان، واتە ڕۆژئاوای كوردستان، لەناو مۆخ و مێشكی پەیەدە و خۆسەرەكەی سەر بە پەكەكە ھەر ماوەتەوە و لەم ڕووەوە ھەتا ئێستاش پەیەدە و خۆسەرەكەی سەر بە پەكەكە وشەی كوردستانیان بۆ ئەو بەشە لە كوردستان لە دەم نایەتە دەرەوە، ئەوە لەكاتێكدایە كە:

1 – جزیرێی باڵا و كۆبانێ و عەفرین بەشێكن لە خاكی كوردستانی مێژوویی و ئەم بەشە لە خاكی كوردستان پێنج ساڵ دوای ڕێككەوتننامە نھێنییەكەی سایكس بیكۆ و بەگوێرەی ڕێككەوتننامەی ئەنكەرە 1 لە ساڵی 1921 و پاشكۆكانی دواتری ئەو ڕێككەوتننامەیە، كە تایبەت بوون بە سەرلەنوێ دانانی ھێڵە سنوورییەكانی توركیا، لێكێندران بە سووریاوە و ئیتر لەگەڵ ھەموو سووریا و بەیەكەوە خستیانە ژێر دەسەڵاتی ئینتیدابی فەرەنسا، ئەی نابینن چۆن ئێستاش فەرەنسا واز لە سووریا ناھێنێت و بووەتە لایەنێكی ناو گفتوگۆكانی ئێستا؟ خۆ ئەمە ڕەگوڕیشەی مێژوویی ھەیە. 
2 – مێژووی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لەسەر خاكی مێژوویی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سێ ھەزار ساڵ بەر لە ئێستا، واتە كاتێك كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لەسەر خاكی مێژوویی خۆی بووە، ڕەچەڵەكی ئەوانەی ئێستای شام ھەر لە نەجد و یەمەن بوون و لەو دوو شوێنە نەھاتبوونە دەرەوە و ھەر نەشیاندەزانی جزیرێ و عەفرین و كۆبانێ چیین و كەوتوونەتە كوێ؟!

3 – پەیەدە و خۆسەرەكەی سەر بە پەكەكە، ڕێككەوتننامەی سێڤرە، كە كورد بەھەڵە پێی دەڵێت سیڤەر، ئەم ڕێككەوتننامەیەشیان بیر چووە، كە لە 10ی 8ی 1920، واتە ساڵێك بەر لە ڕێككەوتننامەی ئەنكەرە 1 بووە و ئەگەر ئەم ڕێككەوتننامەیە جێبەجێ بكرایە، ئەو كاتە جزیرێ و كۆبانێ و عەفرین لەناو ھەردوو بەشەكەی باكوور و باشووری كوردستان بەیەكەوە دەبوونە دەوڵەتی كوردستان و ئێستا نەك ھەر پەكەكە، بەڵكوو شتێك لە مێژوودا نەدەبوو بە ناوی ھەسەدە و قەسەدە و خۆسەر و ئاڵدار و كاڵكان و نازانم ھاوسەرۆك و چی و چی و شتی لەم بابەتانە!

جەمال عەبدوڵا

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button