
ئێمە مان ئەگرین، تۆ چەپڵە لێ بدە و بڵێ زۆر باشە. کە مانگرتنیش ئەشکێنین، تۆ هەر چەپڵە لێ بدە و هەڵپەڕە
ئێمە مان ئەگرین، تۆ بە هەموو هێزێکتەوە چەپڵە لێ بدە و بڵێ زۆر باشە. کە مانگرتنیش ئەشکێنین، تۆ هەر چەپڵە لێ بدە و هەڵپەڕە و بڵێ زۆر باشە. هەموو شتێک بە دەست خۆمانە، تۆ تەنیا چەپڵە و دروشم و هەیەجان و بارەکەڵات لەسەرە! وەرە ناڕازیبە و مەپرسە بۆچی باشە؟! خۆپیشاندان بکە و ئەو دروشم و جنێوانە بڵێرەوە کە فێرتەکەین، نەڵێی بۆ؟!
ئەوان ئەمەیان ناوناوە ئازادی! شۆڕش! ڕۆشنبیری! دەوری تۆ تەنیا قەرەباڵەغی و ئیسپات وجودە، تۆ تەنیا کۆمبارسی خێمە و خێوەتەکانی ئەوانیت!
هەر کاتێک ئێمە قەراری ئینقیلاب و موزاهەرە و شۆڕشماندا، دەستبەجێ حازربە و بە هیچ شێوەیەک نەپرسیت بۆ؟ ئەگەر نەیەیت خوێڕی و پیاوی دەسەڵاتیت!
موزاهەرەی ئیجباری! مانگرتنی ئیجباری! ناڕازی بوونی ئیجباری! چەپڵە و دروشم و جنێوی ئیجباری! تەنیا یەک هەڵبژاردەت ئەخەنە بەر دەست، وەرە خۆپیشاندان بکە، نایکەیت؟ تۆ پاراستنیت! وەرە بۆ خێمەی موغەزی و ڕێجیمەکەی ئێمە، نایەیت؟ تۆ کۆیلە و سەر بەدەسەڵاتیت!
لەبەر ئەوەی هیچ دەرفەتێک بە لێکدانەوە و تێڕوانینی خۆت نادرێت، وەرە مانبگرە و موناقەشە مەکە، وەرە خۆپیشاندان بکە و موناقەشە مەکە، وەرە گردبەرەوە و موناقەشە مەکە. ئەوەی ڕامانگەیاندووە، سەمعەن وە طاعەن بیکە، نایکەیت؟ پاراستنیت!
تۆ سەیری ئەم شەهوەت و شۆڕشە؟! مانگرتن موهیمە و شکاندنیشی هەر موهیمە! موزاهەرە موهیمە و ڕاگرتنیشی موهیمە! خێمە دانان موهیمە و لابردنیشی هەر موهیمە!
پرسیارەکە زۆر سادەیە: ئەم ثەورە عەزیمە، کە تاسەیەکی لە سلێمانی پێ پڕ ناکرێتەوە، بۆ ئەتەوێت بیهێنیت بۆ هەولێر؟!
بارزان عەلی حەمە