
زەرف و زەمان و جەبری جوگرافی نەبووایە، جێگر بۆ کاک قوباد زۆربوو
لەوەتەی حکومەتی هەرێم هەیە، یەکێتی یان بە دەسەڵاتی ڕەهاوە بەشداربووە تیایدا، یان بە بێ گوێ-یی و لاساری ڕەهاوە. هەموو یەکێتییەکانیش دەزانن و بانگەشەیشی بۆ دەکەن کە لەودیو دێگەڵەوە ئیمپراتۆریا خەیاڵییەکەی خۆیان دەست پێ دەکات و مێشی پارتی ناتوانێت تیای بفڕێت! بەڵام بەردەوام خۆیان وەک بێ دەسەڵات نیشان دەدەن تا هیچ بەرپرسیارێتییەکی حوکمڕانییان نەکەوێتە ئەستۆ!
ئەلحەقی، پیاو ڕاست بڕوات، ئەمەشیان بە خڵەتاندن و فریودانی جەماوەری خۆیان بۆ چووەتە سەر. ئەوەتا ئەگەر معاش نەیەت یەکێتییەکان پێیان وادەبێ کە خەتای پارتییە، ئەگەریش بێت، وایدادەنێن «قوباد تاڵەبانی و براکەی چوونەتە بەغداد چارەسەریان کردووە!».
جا ئەمڕۆش مەیلی ئەوەیان هەیە ئەگەر بە دەستێکی پڕەوە نەیانخەنە حکومەتەوە، ئەوا بە دەمێکی پڕەوە ڕایکێشن تا دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق. جا خۆ ئەوان هەرگیز حیزبێکی تەشغیلی و خزمەتگوزاری نەبوون، بەردەوام حیزبی وتار و چەلەحانێ و بەیاننامە و جەریدە و مانگرتن و خۆپیشاندان و ئەمڕۆش هی سۆشیاڵمیدیان!
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، هێندە بەڵێنی زۆر و زەبەلاحیان بە جەماوەری خۆیان داوە، ئەمڕۆ کە پێیان جۆر و جێبەجێ ناکرێت، فشار دەکەن پارتی یان زەرەری ئەو قسانەیان لەگەڵ بژێرێت، یان بڕێک لەسەریان سوک بکات بە پێدانی پۆست و دەسەڵاتی زیاتر، تا لە هەڵبژاردنی عێراقدا قسەی گەورەیان بۆ جەماوەرە هەشبەسەر وفریودراوەکەیان پێ بێ و پێیان بڵێن: ئەها چیمان لە پارتی کرد؟! ئەها چیمان لێ سەندن؟! ئەها چۆن بچوکمان کردنەوە؟!
پرسیارەکە ئەوەیە: بۆ دەسەڵاتی زیاتریان لابێت؟ بەوەی ئێستایانەوە چییان بۆ سلێمانی و زۆنەکەی خۆیان کردووە، تا دەسەڵاتەکەیان زۆرتر و فراوانتر بکرێت؟ هەموو ئەو هەشت نۆ ساڵەی کاک قوباد جێگر بووە، بەقەد ساڵێکی کاک شەعبان چالی-ش کاری نەکردووە و ماندوو نەبووە و هەوڵی نەداوە! ماوەیەک کاک قوباد گلەیی هەبوو کە گوایە بەقەد کاک شەعبان چالی دەسەڵاتی نییە، بەڵام لە ڕاستیدا دەسەڵاتەکەی زۆر لەو زیاتر بوو، بەڵکو جەسارەتی بەقەد ئەو نەبوو، خۆ زەرف و زەمان و جەبری جوگرافی نەبووایە، جێگر بۆ کاک قوباد زۆربوو، بە مەهارەتیش بووایە کاک شەعبان بۆ جێگری سەرۆکوەزیر زیاتری پێ دەکرا تا بەڕێزیان…
بارزان عەلی حەمە