وتار

عێراق لەسایەی هەژموونی میلیشیا چەکدارەکان بەرەو کوێ دەڕوات؟

گوزارشتیکی باو هەیەو زۆرجار بەشێک لە شیکەرەوە و شرۆڤەکاران لە لێکدانەوەکانیان دەربارەی دۆخی عێراق لەدوای ٢٠٠٣ بەکاری دێنن، ئەویش ئەوەیە دەڵێن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕووخان و لەناوبردنی ڕژێـمی پێشووی عێراق (سەدام حوسێن) باشترین دیاری پێشکەش بە ئێران کرد لەسەر ئاستی ناوچەکە، واتە لە عێراقەوە ئێران توانی خۆی بخزێنتە نێو ناوچەکە و  پایەکانی هەژموونی خۆی قایم بکات. ئەم گوزارشتە تا بەر لە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ لەڕووی واقعییەوە ڕاستیی تێدا بەدی دەکرا، بەڵام دوای ئەم ڕێککەوتە دۆخەکە بەرە بەرە ڕووی لە پاشەكشە کرد لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تاران. ئەوەی لەم دۆخە یارمەتیدەری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی عێراق وەک مەلەفێکی گەورە تەسلیم بە ئێران بکرێت، ئەو میلیشیا، سەرکردە، کەسایەتی، پارتە سیاسییانە بوون کە خۆیان وەک بەرەی ئێرانی هەژمار کردووە، بەڵام باجی ئەم هەڵانە لای ئەمریکایە و  دەبێت بیدەنەوە.

هەر زوو زۆربەی ئەو گرووپە میلیشیا وەلائییانەی ئێران دەستیان بە هەڕەشە و زمانی توند کرد، چ لەسەر ئاستی لێدوان، چ لەسەر ئاستی کردەوەشدا هێرشەکانیان چڕ کردەوە بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی ناوچەکە و خۆیان بەتەواوی خستە نێو بەرەیەک، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکردایەتیی دەکات، ئەویش بەرەی مقاوەمەیە. ئەمە ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کاتی قسە و زمانی ئەو گرووپانەی درێژ کرد، بەڵام زۆری نەبرد دۆخەکە پێچەوانە بووەوە، بەجۆرێک، تەنها لە هەشت مانگی ساڵی ڕابردوودا (٢٠٢٤)، واتە لە نیسانی ٢٠٢٤ تا کۆتایی ساڵ، ئەو بەرەیە گورزی ئەوەندە کوشندەی پێکەوت، بە هەموو تەمەنی خۆی واتە لە ١٩٧٩ بەدواوە ئەو گورزە قورسانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە پێ نەکەوتووە.

پەلوپۆکردنی تاران گەورەترین گورزی جەرگبڕ بوو بەر عێراقی میلیشیاکان کەوت، بەجۆرێک، لەدوای ڕووداوەکانی سووریا لەسەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٤)، عێراق بەتەواوی شڵەژانی پێوە دیار بوو لەسەر ئاستی لێدوانی  دەستەبژێری سیاسی و ئەکادیمی، هاوکات سەرکردەی خودی ئەو میلیشیایانە و ئەوانەیشی کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی تاران دەکەن.

دوور و نزیک ئه‌وه‌ى چاودێریى بارودۆخى عێراقی كردبێت، لەماوەی ڕابردوودا بەتایبەت دوای بەتەواوی لاوازکردنی حزبوڵای لوبنانی و دواتر کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد (٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤) ده‌زانێت زۆر ئەستەمە ئه‌م دۆخه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت. بە واتایەکی دیکە، دەتوانرێت بگوترێت عێراق لەسایەی دەسەڵاتی میلیشیا چەکدارەکان قه‌رزێكى له‌سه‌ر شانه کەوتووە، دره‌نگ یان زوو ده‌بێت ئەو قەرزە بداتەوە. ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە چەندین هاووڵاتیی ئەمریکی بە دەستی ئەو میلیشیا چەکدارانە لە ڕێگەی هێرشە درۆنییەکانیانەوە کوژراون، هاوکات جیا لە هاووڵاتییە ئەمریکییەکان، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی بۆسه‌ر ئیسرائیسل، دوو سه‌ربازى ئیسرائیلی كورژراون، باجی ئەم هەڵانە وا بەسادەیی بەسەر عێراق تێپەڕ نابن.

گرووپه‌ شیعییه‌كان (میلیشیا، کەسایەتی، هاوپەیمانی، پارتی سیاسی) زۆر باش درکیان بەوە کردووە و له‌ دۆخه‌كه ‌تێگه‌یشتووون و چەندین جار لەسەر زاری خۆیان ئەمەیان گوتووە. بۆ نموونە نوری مالیکی، سەرکردەی شیعەی هەر نزیکی ئێران و  کاریگەرترین ئەکتەر لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق، چەندین جار ئەوەی دووپات کردووەتەوە، دۆخی عێراق لەبەردەم مەترسیی ڕاستەقینەدایە، ئەمەی وەک هۆشدارییەکە بۆ عێراقییەکان و ئێران، بۆ ئەوەی بە هەر جۆرێک بێت دەبێ ڕێ لەو مەترسی و هەڕەشانە بگیردرێت.

 محەمەد تۆفیق عەلاوی سیاسەتمەدار و  وەزیری پێشوو لە عێراق، دەربارەی داهاتووی عێراق لەمیانی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی (التغییر) لە مانگی شوباتی ئەمساڵ (٢٠٢٥)دا هۆشداریی توند و مەترسی خستووەتە ڕوو.  هاوکات هادى عامرى، سەکردەی دیار و  کاریگەر لەنێو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی (سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح) بۆ ئەوەی ئەو مەترسییانە لەسەر عێڕاق کەم بکاتەوە کە چاوەڕوان دەکرێت بەر عێراق بکەوێت، داواى له‌ سەرکردەکانی قه‌ته‌ڕ كردووه‌ رۆڵی نێوه‌ندگیر ببینن، تاوه‌كوو له ‌ئه‌گه‌رى هێرش بۆ سه‌ر گرووپه‌كانى به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌ ئه‌وان نه‌كرێنه‌ ئامانج و ناویان لە لیستی ئەو گرووپە بە ئامانج گیراوانە دەربهێنرێت کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل بلاک لیست کراون (خراونەتە چوارچێوەی ئامانجی هێرشەکان). ئەگەرچی عامری یەکێک لەو سەرکردانەی میلیشیا چەکدارەکان بووە کە بەوە ناسراوە زۆر توندە و  زمانی پڕ هەڕەشە بووە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا، بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە نابێت هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە، بۆ نموونە لەسەرەتای مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤دا لەمیانی بەخاک سپاردنی کوژاوەکانیان کە بەر ئامانجی هێرشە درۆنییەکانی ئەمریکا کەوتبوون، ئەوەی دووپات کردەوە کە “نابێت هیچی دیکە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق بمێننەوە”.  بەڵام ئێستا بۆ خۆپاراستن لە هێرشەکانی ئەمریکا پاساو بۆ خۆی دێنێتەوە و دەڵێت ئێمە تەنیا بەشداریی شەڕی لەناوبردنی داعشمان کردووە و هێرشمان بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا و پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان ئەنجام نەداوە، بۆیە داوامان ئەوەیە ئێمە لە هەندێک گرووپی دیکە جیا بکەنەوە!!

هاوکات لێدوانه‌ تونده‌كانى قه‌یس خه‌زعه‌لی، سەرکردەی هەرە دیار و کاریگەری نێو گرووپەکانی حەشدی شەعبی (کە لەنێو لیستی تیرۆری ئەمریکادایە) بەردەوام ئەو دووپات دەکاتەوە کە دۆخی عێراق لەبەردەم مەترسیی ڕاستەقینەدایە، بۆیە دەبێت هەرچی زووە کار بکرێت لەسەر کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە، هەر ئەمەشە وای کردووە تۆنی قسە و لێدوانەکانیان گۆڕانکاریی بەسەر دابێت.

بەدەر لە لێدوان، هۆشداری و قسەی سیاسی و سەربازییەکان، ناوەند میدیایی و ئەکادیمییەکانیش چ لەسەر ئاستی عێراق، یانیش لەسەر ئاستی جیهانیدا بێ، دۆخی عێراق و داهاتووی ئەو وڵاتە لە سایەی سیاسەتی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکاندا باش نابینن و داهاتووی عێراق بە “دڵی گۆڕانکارییە هەرێمییەکان” ناو دەبەن. ئەمە لە ڕاپۆرتێکی شیکاریی ئاژانسی (بغداد الیوم)، لەسەر بنەمای لێکدانەوەی پسپۆران و ئەکادیمیسیانان، بەوردی خراوەتە ڕوو.

کەواتە ئاماژەگەلێک و پەرەسەندنی زۆر هەیە کە عێراق بەشێک دەبێت لە گۆڕانکارییە پێشبینیکراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چ لە ڕووی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و چ لە ڕووی کارلێکی سەربازییەوە. جەخت کردنەوە و هۆشداریی لەلایەن سەکردەکانی میلیشیا چەکدارەکانەوە بەڵگەی بەهێزە لەسەر ئەوەی کە دۆخی عێراق ڕووی لە باشی نییە، ئەمانە زۆر باش تێگەیشتوون کە چۆن لەسایەی هەژموونداری و کۆنتڕۆڵی سەرجەم دەسەڵات و جومگە سەرەکییەکانی دەوڵەت لەلایەن خۆیانەوە، عێراقیان بەرەو چ جۆرە داهاتوویەک ئاراستە کردووە.

تحسین وسو عەبدوڵڵا

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button