وتار

یەکەمجار بوو گەلی کوردستان یەکدەنگ و یەک ئیرادە بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات

هەشت ساڵ لەمەوبەر، هاووڵاتییانی ئەم بەشەی کوردستان بە جۆشوخرۆشێکی بێوێنە و بە هیوا و ئاواتێکی بەرزەوە بەرەو سندووقی دەنگدان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و نەوەکانی داهاتوو کەوتنە ڕێ. ئەوان دەیانویست بە نووکی پێنووسەکانیان جێگەی شیاوی خۆیان لەسەر نەخشەی جیهان دیاری بکەن. ئەوان دەیانویست مافێک بچەسپێنن کە خوای گەورە و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو مرۆڤێکی حەقویست و ویژدانزیندوو پێی بەخشیون. ئەوان دەیانویست بەو سنوورەی کە بەنیاز بوون بە نووکی پێنووسەکانیان بینەخشێنن، سنوورێک بۆ داگیرکاری و ژێردەستەیی و نەهامەتییەکان دابنێن.

یەکەمجار بوو گەلی کوردستان ئەو هەلەی بۆ بڕەخسێت، ئازادانە و ئازایانە لە زاخۆوە تا خانەقین و لەبەر ڕووناکیی گڕی هەڵچووی بابەگوڕگوڕدا پڕبەدەنگی خۆی هاوار بکات و بڵێت: سەربەخۆییم دەوێت. یەکەمجار بوو گەلی کوردستان یەکدەنگ و یەک ئیرادە بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات بۆ چەسپاندنی مافی سەربەخۆیی. مافێک کە بە یاسای نێودەوڵەتی و تەنانەت لە دەستووری عێراقیشدا جێگیر کراوە. مافێک کە بۆ ١٩٧ دەوڵەت و نەتەوە ڕەوایە، بەڵام نەتەوەی کورد لێی بێبەشە و بەمەش بووەتە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت. دەوڵەت هەیە ژمارەی دانیشتووانی کەمترە لە ٩٠٠ کەس و ڕووبەرەکەی تەنیا ٤٤٠ مەتر دووجایە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی تەنیا هەرێمی کوردستان نزیکەی ٦،٥٠٠،٠٠ کەس و ڕووبەرەکەی زیاترە لە ٤٠،٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە.

لە ٢٥ ی ئەیلوولی ٢٠١٧ دا ڕیفراندۆممان کرد و زیاتر لە ٪٩٣ی دانیشتووانی کوردستان دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام جارێکی تریش ناپاکی، دەردە مێژووییەکەی کورد، خەونی سەربەخۆیی لەبار برد.

یادی ڕیفراندۆم، یادی ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا مەلی خەونی سەربەخۆیی دایە شەقەی باڵ. یادی ئەو ڕۆژەشە کە ئەو باڵانە پێکران و لە فڕین خران.

لە کاتێکدا یادی ڕیفراندۆم دەکەینەوە، کە هەوڵی جیددی هەیە فەلەستینیش بکرێتە دەوڵەت و دوا دەوڵەتی گەورەش کە ئەو دەوڵەتەی بەفەرمی ناسی، بەریتانیا بوو، دوای ئەوەی بۆ دوو ساڵ دەچێت بەرگەی ئاگر و ئاسنی ئیسرائیلیان گرت. ئەی چی دەبوو ئەگەر ئێمە لە ١٦ی شوومی ئۆکتۆبەردا لەبری دوو ساڵ تەنیا دوو مانگ بەرگریمان بکردایە؟ هیچ گومانم نییە دۆخەکە لە بەرژەوەندیی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا دەهات.

سەرۆک مەسعوود بارزانی لە کتێبی (بۆ مێژوو)دا دەڵێت: (ڕیفراندۆم هەڵگری وانەی زۆر گەورە و پڕبەهایە بۆ گەلی کوردستان و نەوەکانی داهاتوو. یەکێک لە وانەکان ئەوەیە، ئەگەر خۆت نەبی و خۆت پشت بە خۆت و خەڵکی خۆت و تواناکانت نەبەستی، بە نەبوو حسابیت). ئەمڕۆ کە گەلی کوردستان برسی دەکرێت و هەموو هەوڵێکی نەهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە لە ئارادایە، دەبێت سوود لەو وانەیە وەرگرین و پشت بە خۆمان ببەستین. ڕاستە ئێمە دۆستمان زۆرە، بەڵام گەر خۆمان نەبین، دۆستیشمان نابێت.

ڕێفراندۆم، ویستی عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر لەبری ئەم شیعرە:

سەدان ساڵە

لە وێرانە ماڵی خۆمدا

کتکەکۆرەی گۆشەی متبەقی سوڵتانم

سەدان ساڵە

حەوشوبەرەی خۆم واڵایە و

لەبەر دەرگای دزانی خۆم پاسەوانم

بیوتایە:

ئیتر لەمەودوا خۆم خاوەن ماڵ و خۆم سوڵتانم

کوردستان دەوڵەتە و لەبەر دەرگایدا پاسەوانم

هۆشیار سیوەیلی

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش بخوێنەوە
Close
Back to top button