لەتیف رەشید: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران لەسەرجەم بوارەکاندا زۆر باشە

سەرۆككۆماری عێراق، هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەعێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت “دەمانەوێت عێراق بە تەواوی لە هێزە بیانییەکان خاڵی بێت و هێزە ئەمنییەکانیش توانای پاراستنی وڵاتیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان هەیە.”
ڕۆژی چوارشەممە 2025-10-01 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی CBSـی ئەمریکی، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، تیشک خستە سەر چەند پرسێکی پەیوەست بە دۆخی ناوخۆی عێراق و ناوچەکە.
لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ڕایگەیاند: مانەوە یان نەمانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتدا لە دەسەڵاتی حکومەت و پەرلەماندایە، هاوکات دانوستان لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و ئەمریکا لەم بارەیەوە بەردەوامە.
دەمانەوێت هیچ هێزێکی بیانی لە عێراق نەمێنێتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش توانای پاراستنی هاووڵاتیانیان لە هەموو هەڕەشەیەکی تیرۆریستیی ناوچەکە هەیە.
لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێراندا، لەتیف ڕەشید، وتی” ئێران وڵاتێکی دراوسێیە و سنووری هاوبەشمان بە درێژایی 1400 کیلۆمەتر هەیە و پەیوەندییەکانمان لەسەرجەم بوارەکاندا زۆر باشە”.



