
خۆی شێوەکارە، دەزانێت چۆن وڵات ڕەنگین بکات
ئاوی پاک لەدووریی سەدان کیلۆمەتر ڕادەکێشێت و ئاوە پیسەکان پاک دەکاتەوە. کەندەکان دەکات بە کۆڕنیش و ناهێڵێت شەوان گڵۆپی سەرجادەکان بۆ چرکەیەکیش بکوژێتەوە. شەقامی تازە دروست دەکات و بەنداو لەسەر بەنداو، ئاو گل دەداتەوە، ئەمە ئێمەین.
ئەوانیش بە ڕێگا ستڕاتیژەکان دەڵێن ڕێڕەوی بچوک و بە بەنداو دەڵێن گۆم. پشتێنەی سەوزایی بۆ گوندێک دەکەن بە دەستکەوت و بە سەوزاییەکەی ئێرە دەڵێن، هەولێر تەختە و ئاسانتر سەوز دەکرێت. خۆیان جادە دروست ناکەن و بە جادەی خەڵکی تر دەڵێن خراپ.
میلەتی کورد خەریکە بگات بەو رۆژەی ئەوەی بەچاوی سەر دەیبینێت، وەکو خۆی بیگێڕێتەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لێڵی دەکەن لە پێش چاوی.
بە دوکەڵی تانک و تەقاندنەوەی دڕۆن و سوتاندنی ڕێکارەکان ئاسمان و زەویان توڕە کردوە،سەردەمی بت پەرستییان گەڕاندووەتەوە و ڕۆژێک پەردە لەسەر پەیکەری جەلال تاڵەبانی و رۆژێک لەسەر جەبار فەرمان لادەدەن.
کچە مۆدێلیان لە جێی پەرلەمانتار داناوە و بە پۆشاکی کەشتیوانییەوە نمایشی منداڵانە ڕێک دەخات. برای سەرۆک وانەی ‘دارا دوو داری دی’ دەڵێتەوە و خودی سەرۆک مایک دەشکێنێ و هەڕەشە دەکات!
بارزان عەلی حەمە جوانی وت:
«تۆ بە تانک و تۆپ و درۆن و قەتڵ و عامەکەی لالەزار و بە شۆڕش و ئازادی و دیموکراسی و پەیج و سوپایەک قەڵەم بەدەستی بێ دەنگ و فەلسەفە و سەفسەتەکەتەوە…
ئێمەش بە «کۆیلایەتی و نەفامی و دیکتاتۆری و داخراوییەکەمانەوە»، ئێمە و ئێوە هەوڵەدەین. میللەتیش با سەیر بکات، کامەمان ئاوەدانترین؟!».
محەمەد کوردی



