
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (سكاینیوز عەرەبییە) ڕایگەیاند، ئەگەر لۆژیكی سوننە و شیعە بەكار بهێنن بۆ دیاریكردنی پۆستەكان، ئەوە مافی پارتییە كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق هەبێت.
ئەمرۆ شەممە، 7ـی 2ـی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (سکاینیوز عەرەبییە)، ڕایگەیاند: “گرنگە رێز لە دەنگ و خواستی خەڵکی عێراق بگیرێت، هەڵبژاردنمان کرد و خەڵک دەنگی خۆیان دا، هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران دەبێت ڕەنگدانەوە واقعی خەڵک بێت، سەروەریی وڵات زۆر گرنگە، دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت.”
گوتیشی: “ئێمە ڕێز لە پێکهاتەی شیعە دەگرین، هەروەک دەزانن هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران لە ئەرکی پێکهاتەی شیعەیە، کە لە چەندین هەڵبژاردنی ڕابردووش هەروا بووە.”
باسی لەوەش کرد، “پێمانوایە کوتلەی شیعە، بەرپرسیاری یەکەمە لە پێشکەشکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ئێمەش ڕێز لە بریار و کاندیدی ئەوان دەگرین.”
مەسرور بارزانی، لەبارەی پۆستی سەركۆماری عێراقەوە، گوتی: “کورد کاندیدی سەرکۆمار هەڵدەبژیرێت، کە دەبێتە سەرۆکی هەموو عێراق نەک تەنیا هی کورد، هاوکات سەرۆکی پەرلەمان پشکی سوننەیە و هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانیش شیعە هەڵیدەبژێرێت.”
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، “پارتی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە لە هەموو عێراق، زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 دەنگ، کە ئەمەش وای کرد پارتی ببێتە گەورەترین حزب لە عێراق.”
گوتیشی: “مانای ئەوەیە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە پارتی داوە، بۆیە ئەگەر لۆژیکی سوننە و شیعە بەکار بهێنین، کە کاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستانە دیاری دەکەن، ئەوە مافی پارتییە کە پۆستی سەرکۆماری عێراق دیاری بکات.”
سەرۆكی حكوومەت، ئەوەشی خستە ڕوو، “پارتی دەیەوێت سەیری زۆرینەی خەڵکی کورد و بەرژەوەندییەکانی بکات، ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان بگرێت، بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرکۆمار، بەڵام حزبی دیکە هەیە نایەوێ بەو شێوەیە لەسەر کاندیدی هاوبەش کارمان لەگەڵ بکات.”
گوتیشی: “بۆیە ئێمە ناچارین، پڕۆسەیەکی دیموکراتی دادپەروەر و یەکسان بەکار بهێنین، ئەمەش لە ڕێگەی هەڵبژاردنی کاندیدێک لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی کاندیدێکی هاوبەش هەڵبژێرین و زۆرترین دەنگی بەدەست بهێنێت و نوێنەرایەتیی هەموو کورد بکات.”
سەرۆكی حكوومەت لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی سەرکۆمار ڕێگایەكی دی خستە ڕوو، “دەکرێت لە ڕێگای ئەندام پەرلەمانە کوردەکان لە عێراق کە لە قۆناغی یەکەم دەنگ لەسەر 9 کاندید بدرێت و کێ زۆرترین دەنگی هێنا ببێتە کاندیدێکی هاوبەش.”



