
بڕیارە لەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق، مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆران بخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەش کردنی مووچە دەکرێت، زیاتر لە 60٪ـی مووچەخۆران لە ڕێگەی ‘هەژماری من’ مووچە وەردەگرن.
بەگوێرەی بەدواداچوونێک، بە پشت بەستن بە دوایین ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لەیەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر و سوودمەندان لە پرۆژەی ‘هەژماری من’ تۆمار کراون و بۆ مووچەی ئەم مانگە نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن.
لە دواین دابەشکردنی مووچە 630 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی ‘هەژماری من’ مووچەیان وەرگرت، کە 330 هەزار فەرمانبەری مەدەنی، 197 هەزار پێشمەرگە و ئاسایش، 88 هەزار خانەنشین و 11 هەزار کەسوکاری شەهید.
ئەم مانگە هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، دوو لیستی مووچە بڵاودەکرێنەوە، بە کاش و لەڕێگەی ‘هەژماری من’. هەر مووچەخۆرێک فۆرمی هەژماری منی پڕ نەکردبێتەوە ئەم مانگە مووچەی ڕادەگیرێت تا خۆی تۆمار دەکات، کەی فۆرمی پڕکردەوە ئەوکات مووچەی پێدەدرێت. بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا دەیان هەزار مووچەخۆر ماون فۆرمی هەژماری من پڕبکەنەوە.



