بەپێی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە ئاڕاستەی سەرجەم زانکۆکانی کوردستان کراوە، مۆڵەتی خوێندن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ٢٠ ئەیلولی ٢٠٢٢ وە ڕادەگیرێت.
لە نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دوێنێ ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ئاڕاستەی سەرجەم زانکۆ حکومەییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە باس لەوە دەکات، لە چوارچێوەی پلانی پەسەندکراوی زانکۆکان بۆ خوێندنی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢، مۆڵەتی خوێندن لە دەرەوەی وڵات لە ڕێککەوتی ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ڕادەگیرێت.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە ” بە هیچ شێوەیەک مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن بەرزنەکرێت بۆ وەزارەت تەنها ئەو مۆڵەتانە کە لە چوارچێوەی ( Full Scholarship ). (ئەو دەرفەتی خوێندنانەی سەرجەم تێچووی خوێندن و مانەوەی خوێندکار دەکەوێتە ئەستۆی ئەو وڵاتە) کاریان لەسەر دەکرێت”.
عەباس محەممەد وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ لێنزنیوز دوا و بێجگە لە پشتڕاستکردنەوەی نوسراوەکە ئاماژەی بەوە کرد لە نزیکترین کات داوای پلانی زانکۆکانی کوردستان دەکرێت بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣.