کوردستانگرنگ

دادگا دۆسیەی ئەو مێردمنداڵەی داخست کە لە بنکەیەکی پۆلیسی سلێمانی گیانی لەدەستدا

“لەکاتێکدا لیژنەی وەزارەتی ناوخۆ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی سەهەند ئەحمەد، بەڵام دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی حەوت لە سلێمانی، بڕیاریدا دۆسیەکە دابخێت”

رۆژی دووشەممە 5-12- 2022 ئەحمەد محەممەد مەحمود، پارێزەری دۆسیەی گیانلەدەستدانی سەهەند ئەحمەد لە رایگەیاند، لە کاتێکدا لیژنەی وەزارەتی ناوخۆ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە و راپۆرتی دووەمی پزیشکی دادوەری، لەسەر گیانلەدەستدانی سەهەند ئامادەکراوە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی حەوت لە سلێمانی، بڕیاری داخستنی دۆسیەکەی دا.

سەهەند ئەحمەد، مێردمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ بوو، کاری گەیاندنی خواردن (دلیڤەر)ـی بۆ ماڵان دەکرد، رۆژی (11/11/2022) لەلایەن پۆلیسی سەرچنارەوه‌ بە تۆمەتی تەقەکردن و بریندارکردنی هاووڵاتییەک دەستگیرکرا، بەڵام رۆژێک دوای دەستگیرکردنی، لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار گیانیلەدەستدا، دواتر لە راپۆرتی پزیشکیدا ئاماژە بەوەدرابوو، ئەو مێردمنداڵە بە جەڵتە گیانی لەدەستداوە.

لەسەر رووداوەکە، کەسوکاری سەهەند ناڕەزایەتییان دەربڕی و باسیان لەوەکرد، بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە کوڕەکەیان گیانی لەدەستداوە.

دواتر “دیمەنی ئەشكەنجەدرانی لە کامێراکانی بنکەکەی پۆلیسدا سڕاوەتەوە” بۆیە وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکە پێکبهێنێت، پاش 14 رۆژ لە بەخاکسپاردنی تەرمەکەی دەرهێندرایەوە، بەمەبەستی دووبارەکردنەوەی پشکنینی پزیشکی دادوەری.

پارێزەری دۆسیەکە دەڵێت: “لەو گرتە ڤیدیۆییانەی دوای سڕینەوەی کامێراکان هێندراونەتەوە، دەرکەوتووە توندوتیژی بەرامبەر مێردمنداڵەکە كراوه‌، بە چەک کێشراوە بە سەریدا، بەهۆیەشەوە سەری زیانی بەرکەوتووە”.

پارێزەرەکە وتی “داواکاری دووبارە تێهەڵچوونەوە (تەمیزکردنەوە) پێشکەش بە دادگا دەکەین، چونکە ئەوە جێگەی پرسیارە، کە چۆن لەماوەی 20 رۆژدا، لە دادگا دۆسیەیەکی کوشتن دادەخرێت، کە هەشت پۆلیسی لەسەر دەستگیرکراوە”.

ئاماژەی بەوەشدا “هیچ بیانوویەک نییە بۆئەوەی کەسێک بە توندوتیژی بکوژرێت، ئەگەر بزانن دۆسیەکە لە دادگا وەک پێویست مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، ئەوکاتە داوادەکەین دۆسیەکەی بگوازرێتەوە بۆ دادگایەکی دیکە”.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button