گرنگوتار

بە بافڵ تاڵەبانی بڵێن، چی دەكا با بیكا بەس قسە نەكا!

بەرهەم عەلی:

لە سۆنگەی دڵسۆزییمەوە بۆ رۆحی پاكی شەهیدانی یەكێتی و كەسوكاری سەربەرزیان، لە خەمخۆرییمەوە بۆ ئەو گەنج و كادیر و سەركردانەی كە لە ریزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، دڵسۆزانە و بە پاكی و بێ خیانەتكردن، خەباتیان بۆ ئازادیی كورد و كوردستان كرد، رێنووێنییەكی هەڤاڵانە و دۆستانە و دڵسۆزانەم بۆ دەوروبەر و خەدەم و حەشەمی بافڵ تاڵەبانیی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە، ئەویش ئەوەیە كە پێم باشە لەپەناوە یەكێكیان پێ لە جەرگی خۆی بنێت و جورئەتێ بداتە خۆی و پێی بڵێت: ”بۆ خاتری خوا كاك بافڵ، چی دەكەی بیكە بەس قسە مەكە!“

لە دوای قۆناغی خوا لێی خۆش بێ مام جەلالەوە و بەتایبەتیش دوای نەخۆشكەوتنی بەڕێز خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بافڵ تاڵەبانی ناو بەناو دێتە سەر شاشە و وەك كەسی یەكەمی ئەو حزبە داخڤێ، بەڵام هەر لەو وتارەی كە بۆ پاساوی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر (بە زمانی ئینگلیزی!) لە ساڵی ٢٠١٧دا پێشكەش بە جەماوەری كرد و بە شانازییەوە گوتی: ”من رێككەوتنم لەگەڵ حەشدی شەعبی كردووە تا كەركووك تەسلیم بكەین!“ تا ئەم دوو وتارەی لەم چەند رۆژەی رابردوودا هەم لە (دیداری هەولێر) لە هەولێر و هەم لە یادی راپەڕیندا لە رانیە كردنی، هەر جارێك بافڵ تاڵەبانی قسەی بۆ میدیاكان كردبێت، هەم بۆ یەكێتی و هەم بۆ خۆیشی، ئابڕووبەرانە بوون، مرۆڤ شەرم دەكات تەنانەت وەك بابەتێكی كۆمیدی و تەنزی سۆشیال میدیاش تەماشایان بكات.

راستیەكەی من لە زمانی ئینگلیزییدا كڵۆڵم و باش تێی ناگەم، پێشم وابوو بافڵ تاڵەبانی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بۆیە بە ئینگلیزی قسە دەكات متمانەی بە كوردییەكەی خۆی نیە و دەیەوێ قسەی جوانتر و وردتر بكات، بەڵام كە سەیری بەرنامەی (بەشیر شۆ)ی ئەحمەد بەشیرم كرد و بینیم هەر لە سەرەتاوە تا كۆتایی بەو وتارەی بافڵ تاڵەبانی رادەبوێرێ و گاڵتەی پێدەكات و لاسایی دەكاتەوە، ئنجا زانیم هاوسەرۆكی پەروەردەی لەندەن، كاتێ بە ئینگلیزییش قسە دەكات، دەبێتە مایەی ئابڕووبردن بۆ خۆی و بۆ یەكێتی و بۆ كوردیش.

باسی ئەو قسانەی بافڵ تاڵەبانییش ناكەم كە گەنجێكی كورد لە شەوێكدا لە بەریتانیاوە پێوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ كرد، خۆ گوێتان لێ بوو ئەو هاوسەرۆكە! چۆن وەڵامی ئەو گەنجە كوردەی دایەوە؟ وەڵامەكەی بە رادەیەك بازاڕی و ئاستنزم و پڕجنێوی ناشرین و ئابڕووبەر بوون، كە من تەنانەت ناتوانم و لەڕووشم نایە هەندێك لە قسەكانیشی بەبیر خوێنەرانی بەڕێز بهێنمەوە، سوپاس بۆ مەلابەختیار، ئەوی پەیوەندیی بەخۆیەوە هەبوو لەو گفتوگۆ تەلەفۆنیەی نێوان بافڵ و گەنجە كوردەكە، وەڵامی پێویستی بافڵ تاڵەبانیی دایەوە.

ئەو شەوەی لاهوور جەنگی پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە و باسی لە (بەردەوامیی خۆی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی) كرد، ئۆفیسی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی، زۆربەی هەرە زۆری میدیاكانی بانگهێشت كردبوو بۆ دەباشان تا سبەی پێشنیوەڕۆ لە ماڵی مام جەلال ئامادە بن و بافڵ تاڵەبانی قسەیان بۆ بكات لەبارەی ئەو پەیامەی لاهوور جەنگییەوە، من دەمزانی ئەگەر بافڵ تاڵەبانی ئەو رۆژە قسە بكات، چەند خراپ قسە دەكات و چۆن سەرلەنوێ ئابڕووبەرانە دەدەوێ! بەڵام نازانم چ پیاوێكی عاقڵ، لە دەوروبەری بافڵ تاڵەبانی ئامۆژگارییان كردبوو كە ئەو رۆژە بەو ئینفیعالەوە، هیچ قسەیەك بۆ میدیاكان نەكات! باش بوو ئەو رۆژە رۆژنامەنووسانی بە دەستبەتاڵی ناردەوە ماڵەوە و هیچ قسەی بۆ نەكردن، دەنا بازاڕێكی گەرمی بۆ ئارەزوومەندانی بابەتی تەنز و كۆمیدیا لە سۆشیال میدیای كوردیدا پەیدا دەكرد.

بۆیە وەك هاووڵاتیەكی كورد، تكا لە كەسە موخڵیسەكانی دەوروبەری بافڵ تاڵەبانی دەكەم، یەكێكتان لە كاتێكی ئارام و لەسەرخۆیدا بەتایبەتی ئەو كاتانەی دوو سێ رێدبووڵی خواردووەتەوە! بەڕاشكاوی بە هاوسەرۆكەكەیان بڵێن: ”خیانەتی وەكوو 16ی ئۆكتۆبەر دەكەیت؟ بیكە، كەركووك تەسلیم دەكەیت؟ بیكە، لە كۆنگرەدا تەزویر دەكەیت؟ بیكە، 8ی تەمووز دەكەیت؟ بیكە، دیدار دەكەیت و بە نایاسایی خۆت دەكەیت بە سەرۆكی یەكێتی؟ مەناعەتمان نیە بیكە، سەركردە دێرینەكان پەرواێز دەخەیت؟ بیكە، بە هەزارن پارچە زەویی حكوومەت داگیر دەكەیت؟ بیكە، دەست بەسەر داهاتی مەرزەكان و داهاتی قاچاخچێتی و داهاتی سلێمانی و تەنانەت پارەی بانكەكانیشدا دەگریت؟ بیكە، دۆلار ئاودیو و تمەن ئامدیو دەكەیت؟ بیكە، هەڕەشە لە میدیاكاران دەكەیت و دەیانڕفێنیت و دەیانكوژیت؟ بیكە، مستەفا سلیمی تەسلیم دەكەیتەوە؟ بیكە، هاوكار جاف و موراد كانی كوردەیی تیرۆر دەكرێن و تیرۆریستان داڵدە دەدەیت؟ بیكە، دژایەتیی هەموو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێم و هەنگاوەكانی چاكسازی دەكەیت؟ بیكە، سلێمانی و ناوچەكانی بندەستت غەرقی زبڵ و خاشاك دەكەیت؟ بیكە، دەست لەگەڵ هەموو نەیارانی كوردستاندا تێكەڵ دەكەیت؟ بیكە، هەڕەشە لە وەزیرەكانی یەكێتی دەكەیت تا بایكۆتی كۆبوونەوەكانی حكوومەت بكەن؟ بیكە، لە ترسی دۆڕاندنی گەورە هەڵبژاردن دوا دەخەیت؟ بیكە، چەكدارانی حەشدی شەعبی دەهێنیتە ناو سلێمانی؟ بیكە، هەرچی دەكەیت بیكە، تەنیا قسە مەكە و لەوە زیاتر ئابڕوومان مەبە.“

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button