عوسمان گوڵپی:
ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە چوارچێوەی هەندێك ڕستەی جواندا باسی لە شەهیدانی ئەنفال کرد، لە هەموو بۆنەکانیتریشدا لەم ڕستە جوانانە ڕێزدەکەن، نەك تەنها قوباد تاڵەبانی بەڵکو دەسەڵاتدارەکانیتریش بە هەمان شێوە، بەڵام بۆیە لێرەدا ناوی قوباد تاڵەبانی دێنم لەبەر ئەوەی ئەو سەرۆکی حکومەتی ئیدارەی سەوزە، واتە بەرپرسیاری یەکەمە لەم سنورە، چۆن سودمەندی یەکەمی دەسەڵاتی ئەم سنورەیە ئاواش بەرپرسیارێتی یەکەمی دەکەوێتە سەرشان
من نامەوێ دۆخی کەسوکاری شەهیدانی ئەنفالکراوان باس بکەم، چونکە تەنها سەرنجێکی ژیانیان لە شۆڕش و چەمچەماڵ و دیهاتەکانی دەوروبەری بدەن دەزانن خزمەتکراون یان نا، دەزانن ئەم حکومەتە تا چەند ویستویەتی بەتەنک ئەم ناوچە کارەساتبارەوە بێت، تا چەند بەرزی رێژەی بەتاڵەی گەنجەکانی بۆ گرنگ بووە، تا چ ئاستێك ژیانی گوندەکان بێ خزمەتگوزاری ئاوی پاکی خواردنەوە و نەخۆشخانە و…. هتد
لێرەدا با قسەیەك لەسەر سلێمانی بکەین کە کاك قوباد تاڵەبانی تێیدا دەژی بزانین بەراست کەسوکاری شەهیدان چۆن ڕێزیان لێ نراوە و چۆن خزمەتکراون، لەوە گەڕێن مووچەی شەهیدێکی سەنگەر تەنها (٥٠٠) پێنج سەد هەزارە، لەوەش گەڕێن لەو هموو جیاوازیەی لە نێوان شەهیداندا دەکرێت، لەوەش گەڕێن چەند خەڵکی نا موستەحەقی بەعسی لە ڕیزی شەهیدانی سەنگەردا مووچە وەردەگرن
لێرەدا ئەوەی مەبەستی منە ئەمەیە
بە پێی یاسای ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان دەبێت هەر وارسی شەهیدێك جگە لە مووچەکەی سود مەندبێت لە زەویەکی نیشتەجێبوون، لە شوێنی نیشتەجێبوونی وارسی شەهید، بەڵام بابزانین لە سلێمانی چۆن مامەڵە لەگەڵ پێدانی زەوی نیشتەجێکردندا کراوە، شارەوانی سلێمانی بە تەنسیق لەگەڵ بەڕێوبەرێتی شەهیدانی سلێمانی هاتوون بۆ بەشێك لە کەسوکاری شەهیدان خراپترین شوێنەکانی سلێمانیان هەڵبژاردوە بۆ ئەوەی پێیان بدەن باڕاستتربڵێم تا لەکۆڵیان بکەنەوە.
تەنها یەك نمونە بەسە بۆ ئەوەی قوباد تاڵەبانی بزانێت لێرە ئەوان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ زەوی کەسوکاری شەهیدان کردوە، جا ئەو مامەڵەیە لەگەڵ هەزارانبێ یان سەدان هیچ جیاوازی نیە، چونکە مرۆڤەکان لە هیچدا یەکسان نەبن لە خوێن و بەختکردنی گیاندا یەکسانن
چۆن فێڵ لە کەسوکاری شەهیدان کراوە
تەنها یەك نمونە
بە بڕیاری ژمارە ١٨٦٧ی ئەنجومەنی وەزیران و بە واژۆی سەرۆکی حکومەت کە لە بەرواری ٩/٧/٢٠٠٩ دەرچوە، بڕیار دراوە کە زەوی بدرێتە کەسوکاری شەهیدانی سەنگەر و ڕووبەرەکەشی تێدا دیاری کراوە کە (٢٥٠م٢) لە شوێنی نیشتەجێبوونی کەسوکاری شەهید.
پاشان وەزارەتی شەهیدان نوسراوی کردوە بە ژمارە ٢٣٧٣ لە بەرواری ١٠/٥/٢٠١١
پاشان وەزارەتی شارەوانی نوسراوی کردەوە بە ژمارە ١٠٦٠٦ کە لە بەرواری ٢٦/٥/٢٠١١دەرچوە
پاشان بە نوسراوی ژمارە٢٠/٤٧٨٧ ی بەرواری ٧/٥/٢٠١٧ بڕیاری تەرخانکردنی زەوی دراوە بە هەمان ڕووبەر
بەڵام شارەوانی سلێمانی بە پاساوی نەبوونی زەوی ڕووبەری زەویەکەی کەم کردۆتەوە بۆ
(١٥٠م٢)، ئەمە کاتێکدایە هیچ گۆڕانکاریەك لە فەرمانی وەزاری ژمارە ١٨٦٧ی ئەنجومەنی وەزیراندا نەکراوە و تەنها شارەوانی سلێمانی ئەم بڕیارەی داوە
لە سێ ڕووەوە پیشێلکاری بەرامبەر بە مافی کەسوکاری شەهیدان کراوە کە بەم جۆرەیە.
یەکەم/ ئەو زەویەی بڕیاری لێدراوە ٢٥٠م٢ بوە بەڵام کەم کراوەتەوە بۆ ١٥٠م٢ بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، تەنها بە پاساوێکی زۆر لاواز کە نەبوونی زەویە، هەموو زەویەکی شەهیدان ١٠٠م٢ی لێ کەم کراوەتەوە، لە کاتێکدا لە دوای ئەو بەروارەوە کە ئەوان ئاماژەیان بە نەبوونی زەوی کردوە بە مەبەستی جیاواز لەو ڕووبەرەی داویانە بە کوسوکاری شەهیدان، ڕووبەری زیاتر زەوی تەرخانکراوە کە ٢٠٠م٢
لێرەدا پرسیاری جدی ئەوەیە کە، ئەگەر نەبونی زەوی پێویست و کەمی زەویە بۆچی لەدوای ئەو زەویانە هەزاران زەوی بە قەبارەی زیاتر دابەشکراون؟ خۆ ئەگەر دەسەڵاتی کەمکردنەوەی زەویش لای شارەوانی بێت، شەرم نیە تەواوی دەسەڵاتی خۆت بەرامبەر دایکێك بخەیتە گەڕ جەرگی لەدەستداوە و ڕۆڵەی شەهید بوە و خوێنی بەخشیوە بەم خاکە؟
دووەم/ شارەوانی سلێمانی بە بڕیاری ٢٠/٤٧٨٧ی بەرواری ٧/٥/٢٠١٧ کەرتی (م٤ وڵوبە) تەرخانکردوە بۆ بەشێك لە کەسوکاری شەهیدان.
لێرەدا ئەوانەی شارەزای سروشتی سلێمانین و شارەوانی سلێمانیش باش دەزانێ ئەو زەویانەی تەرخانکراون خراپترین و دوور ترین زەویەکانی سنوری سلێمانین، ئەمەیە رێزگرتن لە خوێنی شەهیدان؟ کەسوکاری شەهیدێك دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ چاوەڕوانی لە وەرگرتنی زەوی لە شوێنێك زەوی پێ بدرێت کە خراپترین و دوور ترین زەویەکانی سلێمانی بێت؟ ئەی زەویە باشەکانی شار بۆ کێ؟ دەدرێنە کێ؟ بۆ گیرفانی چ شەریکە کۆمپانیایەك؟ کێ شایستەترە لە شەهید کە خوێنی خۆی بەخشیوە؟
لێرەدا دەپرسین گریمان کەمکردنەوەی زەویەکە بە پێی یاسا بوو، ئەی دوور خستنەوە و پێدانی زەوی زۆر خراپی بێکەڵك بە کەسوکاری شەهیدان بە چ پێوەرێکە جگە لە پێوەری لە کۆڵکردنەوە و بەکەم سەیرکردنی کەسوکاری شەهیدان؟
لە کاتێکدا شارەوانی سلێمانی لەدوای ئەو بەروارەوە هەزاران زەوی نزیکتر و باشتری دابەشکردوە، بەمەش پاساوی نەبوونی زەوی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و ئەوەندەی تر دڵنیا دەبین کە چەند کەمتەرخەمانە و بێ باکانە و نا بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ خوێن و قوربانیدانی شەهیدا دەکرێت.
لێرەدا حەقی خۆیەتی لە قوباد تاڵەبانی بپرسین ئەم پێوەری حکومڕانیەتان لە کوێوە هێناوە وا ئەوەندە داتپەروەرانە زەویە خراپەکانی تاسڵوجە و بازیان و کانی گۆمە و عەربەت بۆ کەسوکاری شەهیدان و باشترین شوێنەکانی وەك دەروازە سیتی و شاری ئارام و سەدان دۆنم زەوی گرانبەهای نایاب بۆ کۆمپانیاکان تا بیکەن بە سیتی، تەرخان دەکات؟ لێرەدا کاتی قسەکردن لەسەر ئەوە نیە ئەم زەویە باشانەی شار چۆن وەردەگیرێن و دەدرێن بە کێ و کێ شەریکە و چۆن بەرپرسەکان و دەوروبەریان سودمەند دەبن، ئەوە ئیشی ئەم نوسینە نیە و بۆ کاتێکیتر…
بە بڕوای من چۆنیەتی مامەڵەی ئەم دەسەڵاتدارانە لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و بە کەم سەیرکردنیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ خۆیان هیچ شەهیدێکیان نیە و یەك کەسی نزیکیشیان شەهید نەبووە، نە خۆیان و نە کەسیان لە زیندان نینۆکی دەرنەهینراوە و کەسیان ڕەمی نەکراوە و تەرمەکەشی نەدرێتەوە، هەر بۆیە نە بەهای قوربانیدان دەزانن و نە لەو ئازارانەش تێدەگەن، ئەگەرنا هەرگیز ئاوا مامەڵە لەگەڵ دایکوباوکی جەرگ سوتاودا ناکەن