شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا
ڕۆژانه له عێراقدا چه‌ندین پێشێلكاریی سیاسی و یاسایی و مرۆیی ده‌كرێن، كه‌چی دادگه‌ی فیدراڵی لێیان بێده‌نگه وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌غدا لووتكه‌ی مه‌ده‌نیه‌ت و پێشكه‌وتن بێت! كوا بڕیاره‌كانی ئه‌و دادگه‌یه سه‌باره‌ت به هۆكاره‌كانی كه‌وتنی مووسڵ و سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی تاوانباری سه‌ره‌كین له پرسه‌كه‌دا؟ كوا بڕیاره‌كانی دادگه‌ی فیدراڵی بۆ لێپێچنه‌وه له هۆكاری ململانێ تائیفی و سیاسییه‌كانی عێراق كه ئه‌و وڵاته‌یان دووچاری وێرانه كردووه؟ كوا بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی سه‌باره‌ت به مادده‌ی 140ی ده‌ستوور كه جێبه‌جێ ناكرێت؟
ئێستا به‌هۆی ئه‌و مشه‌خۆرییه‌ی له پاره‌ی نه‌وتدا چنگی ده‌كه‌وێت، عێراق قۆناغ به قۆناغ، هه‌نگاو به‌ره‌و بووژانه‌وه‌ی سێكته‌ره‌كانی ده‌نێت، كه‌چی له به‌رانبه‌ردا هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی به‌گه‌ڕخستووه بۆ لاوازكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم و به‌ربه‌رست دروستكردن له‌به‌رده‌م بووژانه‌وه و پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستاندا، له‌ناوخۆی كوردستانیش، عێراقییه‌كان به هه‌موو حیزب و كوتله سیاسییه‌كانیانه‌وه زیره‌كانه به پاڵپشتیی ئێران هه‌وڵی دروستكردنی ناكۆكیی له‌نێوان حیزبه كوردییه‌كان ده‌ده‌ن و تاڕاده‌یه‌كیش له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتووبوون، ئه‌وه‌تا میدیای كوردی وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی بۆ میلله‌ته‌كه‌ی دۆزیبێته‌وه، ده‌نووسن (به‌په‌له.. په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوه‌شایه‌وه)! له‌بری ئه‌وه‌ی له مانشێتدا بنووسن دادگه‌ی فیدراڵی سه‌باره‌ت به درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاریدا، به مانشێتی گه‌وره به خوێنه‌ری كوردی ده‌ڵێن په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شایه‌وه! له‌كاتێكدا هێز نییه په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، ئه‌و دامه‌زراوه‌یه خوێن دروستیكردووه و به خوێنیش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
به‌ڕای من، په‌رله‌مانی كوردستان له خوله‌كانی پێشوو و به تایبه‌تی خولی پێنجه‌میدا، هۆكاری به‌شێك له كێشه سیاسییه‌كان بووه و زۆربه‌ی ئه‌وانه‌یشی بوونه‌ته په‌رله‌مانتاری ئه‌و خوله‌ی په‌رله‌مان، شایسته نین و كه‌سانی ده‌روون نه‌خۆشن و هه‌ڵپه‌ی گه‌یشتن به ئیمتیازات و خۆدهوڵهمهندكردنیانه و ناتوانن دوو قسه‌ی خێر بۆ خه‌ڵك و حیزبه‌كانیان بكه‌ن، هه‌یانه ئاستی سیاسی و ڕۆشنبیری له خوار هێڵی هه‌ژاریدایه، به‌ڵام چونكه حیزبه‌كانیان به تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی ویستوویانه بیانبه‌نه په‌رله‌مان، دهرچووێندراون و بوونه‌ته ماڵ به‌سه‌ر حیزب و كادیر و ئه‌ندامانی حیزبه‌كانیان، له‌وه‌ش خه‌ته‌رتر هیچ سوودێكیان بۆ كۆمه‌ڵگه نه‌بووه، به‌داخه‌وه هه‌ندێكجار ده‌گه‌ینه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان گرفتێكه و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت! سه‌ره‌ڕای ئه‌و سه‌رنجانه، په‌رله‌مانی كوردستان، په‌رله‌مانێكی كوردستانییه و دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگی كورده، كاتێكیش دادگه‌ی فیدراڵی عێراق له دژی بڕیارێكی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوێستی سیاسی ده‌دات، شووره‌ییه میدیاكار و سیاسییه‌كانی كوردستان دڵخۆش بن به‌وه‌ی دادگه‌ی فیدراڵی بڕیاری ناده‌ستووریبوونی درێژكردنه‌وه‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی داوه، میلله‌تێك ئه‌گه‌ر نه‌ختێك زاكیره‌ی باش بێت و جاش نه‌بێت و كۆیلایه‌تی قبووڵ نه‌بێت، له‌بری دڵخۆش بوون به بڕیارێكی له‌مجۆره‌ی دادگه‌ی فیدراڵی عێراق، دڵته‌نگ بێت، ئه‌مڕۆ ئه‌و دادگه‌یه بڕیارێكی پهرلهمانهكهت هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، گه‌ره‌نتی چییه سبه‌ی بڕیاری قورسترت به‌سه‌ردا ناسه‌پێنێ و قهوارهكهت به گشتی ناكات ئامانج! به‌هۆی ئه‌وه‌ی ململانێ حیزبییه‌كان له ترۆپكدایه و به‌غداش زیره‌كانه سیاسه‌ت ده‌كات، ئه‌وه‌تا به‌شێكی زۆری كورد و میدیاكه‌ی به بڕیارێكی سیاسیی دادگه‌ی فیدراڵی دڵخۆشن كه دژی یه‌كێك له دامه‌زراوه‌كانی وڵاته‌كه‌ت دراوه.
ئه‌و دادگه‌یه‌ی عێراق، ئه‌گه‌ر نه‌ختێك خه‌می دهستووریهتی و ده‌یه‌وێت پارێزگاری له دۆسیه گرنگه‌كانی عێراق بكات، ده‌بوو له‌سه‌ر زۆر پرسی تردا بێته‌ده‌نگ و هه‌ڵوێست و بڕیاری خۆی هه‌بێت، به‌ڵام كاتێك بابه‌ته‌كه دێته سه‌ر بریاردان له دژی هه‌رێم، ئه‌و دادگه‌یه تێكه‌ڵ به سۆز و عاتیفه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستییانه ده‌بێت و وه‌ك بڕیاره‌كانی سه‌رده‌می سه‌ددام، ده‌یه‌وێت له چوارچێوه‌ی بیری ڕه‌گه‌زپه‌رستیی عه‌ره‌بی بڕیار بدات، كوا بڕیاڕی دادگه‌ی فیدراڵی بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور كه یه‌كێكه له مادده هه‌ره گرنگ و كێشه‌داره‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و په‌یوه‌ندی به یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌یه‌كی گرنگ و هه‌ستیار هه‌یه؟ كه‌چی ئه‌و دادگه‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ مادده‌یه‌كی له‌مجۆره له ده‌ستووردا نه‌بێت، بێده‌نگه، له‌ولاوه دێت درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان به ناده‌ستووری ده‌زانێت!
ئه‌و بڕیاره‌ی دادگه‌ی فیدراڵی عێراق، له خه‌می پرۆسه‌ی دیموكراسی و كاری په‌رله‌مانی كوردستان نییه، دیدگه‌یه‌ك و هه‌ڵوێستێكی سیاسیی گوشارئامێزه له دژی قه‌واره‌ی هه‌رێم و بۆ لاوازكردنی دامه‌زراوه‌كانی كوردستانه، به ته‌نیا له دژی پارتی نییه، كۆی ئه‌زموون و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم ده‌كاته ئامانج، كه‌چی به‌شێكی كورد له قووڵایی و نهێنی بڕیاره‌كانی به‌غدا تێناگه‌ن و پێیانوایه به ته‌نیا پارتی ده‌كه‌نه ئامانج، بڕیاره‌كه‌ش هاوكات له‌گه‌ڵ بڕیاری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق و هه‌ردووكیان ئامانجی سیاسین و ده‌بێت كۆی حیزب و سیاسه‌تووان و خه‌ڵكی كوردستان له دیوی دووه‌میان ورد ببنه‌وه، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێن، بڕیار و هه‌ڵوێستی تریان به‌دوادا دێت.