پەرلەمانی عێراق سزای هاوڕەگەزخوازی قورستر دەکات
پەرلەمانی عێراق بەیاسایەک سزای هاوڕەگەزخوازى زیاد دەکات، بە جۆرێک سزاکە تاوەکو لە سێدارەدان دەڕوات.
رۆژی 15ـی 8ی 2023، پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ هەموارى یاساى قەدەخەکردنی لەشفرۆشى کرد، کە لە ساڵى 1988 دەرکراوە، کە بەگوێرەى هەموارەکە ناوى یاساکە دەگۆڕدرێت و “لادانى سێکسی” بۆ زیاد دەکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ هاوڕەگەزخوازى و پێناسەى ئەو دەستەواژەیە لە یاساکەدا کراوە.
بەگوێرەى هەموارى یاسای قەدەخەکردنی لەشفرۆشی، هەر کەسێک پەیوەندى دروست بکات کە بچێتە چوارچێوەى “لادانى سێکسى” سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی و لەسێدارەدان دەبێت. هەر پیاوێکیش ژنەکەى لەگەڵ پیاوێکى دیکە بگۆڕێتەوە بەمەبەستى سێکسی، سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی تاوەکو لەسێدارەدانە.
لە بەشێکى دیکەى هەموارەکەدا کە پێشتر لەو یاسایەدا نەبووە، ئاماژە بەوە دراوە، هەر کەسێک بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازى بکات سزاکەى بەندکردنە کە لە حەوت ساڵ کەمتر نەبێت، ئەوە جگە لە سزاى پێبژاردن کە بڕەکەى لە نێوان 10 بۆ 25 ملیۆن دینارە.
رۆژی 9ى ئابى 2023، کۆمیسیۆنى راگەیاندن و گەیاندنى عێراق لە نووسراوێکدا چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى ئەو کۆمیسیۆنەى ئاڕاستەى لایەنە پەیوەندارەکان کردووە، بەوەى نابێت چیدی چەند وشە و دەستەواژەیەک بەکاربهێندرێن لەوانە (جۆرى کۆمەڵایەتى، جێندەر و هاوڕەگەزخوازى).
لە بەشێکى دیکەى هەموارى یاسای قەدەخەکردنی لەشفرۆشیدا هاتووە، هەر کەسێک رەگەزى خۆى بگۆڕێت لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن سزا دەدرێت و ئەو پزیشکەى کە نەشتەرگەریەکەشی بۆ کردووە هەمان سزا دەدەرێت، بەڵام ئەگەر ئەو نەشتەرگەرییە بۆ چارەسەکردنى شێواوى جەستەیى زکماکى بێت و پێویستى بە نەشتەرگەرى بێت، سزاکە نایگرێتەوە.
رۆژی 23ى ئاب، رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) راگەیێندراوێکی بەناونیشانی “رەشنووسی یاسای دژ بە کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان بخەن”، بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەڵێت، “پێویستە حکومەتی عێراق یەکسەر ئەو رەشنووسی یاسایە بکێشێنێتەوە کە خراوەتە بەردەم پەرلەمان و تێیدا سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو کەسانە پێشنیازکردووە بۆ رەفتاری سێکسیی هاوڕەگەخوازان و زیندانیکردن بۆ گوزارشتکردن لە تێپەڕاندنی جێندەر. ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسندبکرێت؛ مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات.”