کوردستانگرنگ

11 پڕۆژەی ستراتیژیی کێشەی کەم ئاوی لە کوردستان چارەسەر دەکات

وابڕیارە 11 پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو، لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن، ئەمەش گرفتی کەمئاوی بە رێژەیەکی زۆر چارەسەر دەکات.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کەمئاوی، 11 پڕۆژەى ستراتیژی لە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانیی حکومەتی هەرێمەوە جێبەجێ دەکرێن. ئێستا %50ـى بەرهەمهێنانی ئاو لە رێی بیرەکانەوەیە، %50ـی تر لە رێگەى پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەوییەوەیە، بە تەواوبوونی 11 پرۆژەکەی ئاو، 80-82%ـى دابینکردنی ئاو پشت بە ئاوى سەرزەوی دەبەستێت، کە بەهۆیەوە ئاوی ژێرزەوی دەپارێزرێت و بیرەکان دادەخرێن، لە هەمان کاتدا ئاو ئاسانتر بە هاووڵاتییان دەگات.”

لەبارەى پاراستنی سامانی ئاوەوە ئاری ئەحمەد گوتی: “هۆشیاریی بەکارهێنانی ئاو زۆر گرنگە، زۆرجار هاووڵاتییان ئاوێکی زیاتر لە پێویستیی خۆیان بەکار دەبەن، هەروەها دروستبەکارنەهێنانی ئامێرەکان لە ماڵەوە، دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی زیاتری ئاو، وەکوو جلشۆر، قاپشۆر، دووش و کەرەستەکانی دیکە، کە دەکرێت وریایانەتر، لەپێناو کەمکردنەوەى بەکارهێنانی ئاو بەکار بهێنرێن. ئەوەى ئێمە داواى دەکەین، شتێک نییە لە سەرووى تواناى هاووڵاتییانەوە بێت”.

ساڵانە بەهۆى فراوانبوونی جووڵەى شارستانی و گەورەبوونی شارەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستییەکان بۆ بەکارهێنانی ئاو زیاد دەکەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە رێکخستنی بوارى بەکارهێنانی ئاو، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی دەزانێت و لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ وەڵامدانەوەى ئەو خواستە نوێیانە بەردەوام دەبێت.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button