
دوای نزیکەی سێ ساڵ لە وەستانی شەری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، جارێکی دیکە جەنگی ئەو دوو وڵاتە دەستپێکردەوە.
وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ” ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆر لە ناگۆرنۆ قەرەباغ دەستیپێکردووە و گوتیشی: ” چەکی قورس لە هێڵەکانی پێشەوە و قووڵاییدا بەکاردەهێنێت وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکە”.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەک لە ستیباناکەرتی پایتەختی ناگۆڕنۆ قەرەباگ روویدا.
ئازەربایجان راشیگەیاند، ” رووسیا و تورکیای ئاگادارکردووەتەوە لە ئۆپەراسیۆنەکەیان”، ئاماژەی بە “کوشتنی 4 پۆلیس و هاوڵاتیەکی مەدەنی کردووە بە تەقینەوەی دوو مین لە ناگۆرنۆ قەراباخ”، لەهەمانکاتدا ئەرمەنییەکانی تۆمەتبار کرد و کردەوەکەی بە تیرۆریستی ناو برد.
دوایین گرژییەکان لە کاتێکدا هات کە ئەرمینیا ئازەربایجانی تۆمەتبار کردووە بەوەی رێگری لە هاتووچۆ دەکات لەسەر رێڕەوی لاچین، کە تاکە ڕێگایە ئەرمینیا بە هەرێمە جیاکەرەوەکانی ئەرمەنییەکانەوە دەبەستێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی تاس ڕۆژی یەکشەممە رایگەیاند، سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان گوتی: “وڵاتەکەی و ئازەربایجان دەتوانن تا کۆتایی ئەمساڵ بگەنە رێکەوتنێکی ئاشتی” و یەریڤان هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.



