ڕاگەیەنراوێک لە نێوان عێراق و ئێران سەبارەت بە رێككەوتنە ئەمنیەکە
لیژنەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران: رێككەوتنەكە بەتەواوی جێبەجێكرا.
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران رایدەگەیەنێت؛ تەواوی بارەگاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە سنورەکانی نێوان هەردو وڵات بەشێوەیەکی بنەڕەتی دورخرانەوە.
بەپێی بەیاننامەی لیژنەکە “لەسەر بنەمای پابەندی نێوان عێراق و ئێران بە دەقی رێککەوتنی ئەمنی هاوبەش، بە هەماهەنگی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، تەواوی بارەگاکانی نزیک سنوری ئێران کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەوە بەکاردەهێنران، دورخرانەوە و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی دور لە سنورەکان”.
ئاماژە بەوەشکراوە، تەواوی گروپەکان لە چەک داماڵراون و وەکو پەنابەر بەپێی رێنماییەکانی کۆمسیۆنی پەنابەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و هەروەها لە سنورەکان و ئەو ناوچانە، هێزی سوپای عێراق جێگیرکراون بە بەردەوامیی”.
بەپێی راگەیەندراوەکە “لایەنی عێراقی جەختی کردوەتەوە لەوەی پابەندن بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی دیکەی نێو رێککەوتنەکە و هەروەها چارەسەرکردنی هەر ئاستەنگ و گرفتێک کە بێتە پێشەوە”.