هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێدەکاتەوە
چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
سەڵاحەدین ئەحمەد، شارەزای بواری وزە گوتی: “هەرێمی کوردستان ئامادەیە جارێکی دیکە نەوتەکەی هەناردە بکرێتەوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە رێککەوتنێکی نوێ هەیە، لەنێوان تورکیا و حکومەتی عێراق، دەبێ لەسەر رێکاری نوێ رێککەوتن بکرێت و گرێبەست بکەن”.
هەروەها چاودێری سیاسی وەعدی مزووری دەڵێ: “هەناردەکردنەوەی نەوت دەبێتە کارتێکی بەهێز بۆ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئەوکات دەتوانێت لەکاتی دانوستانەکان بەشێوەیەکی باشتر گفتوگۆ بکەن، چونکە بەرپرسانی عێراق دەڵێن هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەڵام تائێستا ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق دابین نەکراوە”.
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی راگرتنی نەوتەکەیەوە، هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تووشی دانووستانێکی سەخت و دژوار بوو، ئەمە وایکرد ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئاستەنگی بۆ درووست بێت، بە بڕوای چاودێرانی سیاسی هەناردەکردنەوەی نەوت هێزێکی زیاتر بە دانووستانەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا دەبەخشێتەوە.