
کەشناسێک: مانگی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان بارانبارین دەستپێدەکات.
رۆژی شەممە 23ـی ئەیلوولی 2023، کەشناسی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان پەڵەهەور دەبێت؛ بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێت.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو 26ـی ئەیلوول، پلەی گەرما جێگیردەبێت و بەرزترین پلە لە سەنتەری پارێزگاکان 44 پلە و نزمترین 38 پلە دەبێت. گوتیشی، “لە 26ـی ئەیلوولەوە بەشێوەی قۆناخ پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و هەست بەفێنکی زۆر دەکرێت.”
لەبارەی پێشبینییەکانەوە بۆ بارانبارین، ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتی، بەگوێرەی نەخشەی جیهانی، مانگی داهاتوو لە(8 بۆ 10)ـی مانگ، باران دەبارێت و لە هەفتەی کۆتایی مانگەکەدا بارانی “بەلێزمە دەبارێت و ئەگەری لافاو دەبێت.”



