سکاڵا لەسەر سەرۆک کۆماری عێراق تۆمار دەکرێت

کاردیناڵ لویس ساکۆ بەتریارکی کەنیسەی بابلی مەسیحییەکان لە عێراق و جیهان، کە باڵاترین دەسەڵاتی ئاینی مەسیحییە لەعێراق لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای لەدژی لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق تۆمار کرد.
سکاڵاکەی لویس ساکۆ دژی سەرۆک کۆمار لەبەرامبەر مەرسومی ژمارە ۳۱ی ساڵی ۲۰۲۳یە، کە تایبەت بوو بەکشانەوەی مەرسومێکی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق، کە کاردیناڵ لویس ساکۆ وەک بەتریارکی گستی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان دەناسێنێت .
مەرسومەکەی لەتیف ڕەشید بووە هۆی نیگەرانی کاردیناڵ لویس ساکۆو بەغدای بەرەو هەولێر بەجێهێشت و پاشان ڕوویکردە ڤاتیکان .
مەسیحییەکانی لایەنگری لویس ساکۆ سەرۆک کۆماری عێراق تۆمەتبار دەکەن، کە لەژێر فشاری ڕەیان کلدانی سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیۆن لەتیف ڕەشید ناچار بووە مەرسومێک دەربکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەرسومەکەی جەلال تاڵەبانی کە لویس ساکۆی وەک باڵاترین دەسڵاتی مەسیحیەکان ناساندوە .
دادگای فیدڕاڵی ڕۆژی ۱۰ی ئۆکتۆبەری وەک ڕۆژی دادبینی بۆ سکاڵاکە دەست نیشان کردووە.