ئیسرائیل هەر دوو فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەبی لە سووریا لەکار خست

لە ئاکامی ھێرشی ئیسرائیل بۆسەر ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و حەلەب، کرێکارێکی سووری گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەیش برینداربوو.
ئاژانسی ھەواڵیی “سانا” سەربە رژێمی ئەسەد بڵاوی کردەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیسرائیل بە ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک لە دەریای سپی ڕۆژئاوای لازقییە و بەرزاییەکانی جۆلانەوە، ھێرشی کردووەتە سەر ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و حەلەب.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، کرێکارێکی سووری گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەیش برینداربوو.
باسی لەوەیش کردووە، ھێرشەکە زیانی بە ھەردوو فڕۆکەخانەکە گەیاندووە کە بەھۆیەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەکان گواسترانەوە بۆ فڕۆکەخانەی لازقییە.
لای خۆیەوە کەناڵی میادین نزیک لە حزبوڵڵای لوبنان بڵاوی کردەوە کە لە ڕێگای ئاراستەکردنی چوار مووشەکەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب بۆردومان کراوە.
ھەروەھا ئاژانسی سانا لە وەزارەتی گواستنەوەی ڕژێمی سووریای گواستووەتەوە کە بەھۆی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەلەب، گەشتەکانی فڕۆکەخانەکان ڕاگیراون و ڕایگەیاندووە: “ئێمە داوا لە گەشتیاران دەکەین کە گەشتەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ھێڵی ئاسمانی ڕێکبخەنەوە”.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت ھەفتەی ڕابردوو، ئەو دوو فڕۆکەخانەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە ھێرشیان کرایە سەر کە بەھۆیەوە داخران، بەڵام دوای سێ ڕۆژ لەم ھێرشە، ھێرشێکی دیکە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر فڕۆکەخانەی حەلەب.