جیهانرۆژهه‌لاتی ناوه‌راستگرنگ

کۆنسولی فەڵەستین لە ھەولێر: بەمزوانە کاروانێکی هاوکاری لە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە غەززە

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر ڕایگەیاند: “لەسەر ھەنگاوی یەکەم بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ کەرتی غەززە قسەمان کردووە کە بریتییە لە خۆراک، ئاو و پێداوێستی پزیشکی”.

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر، باڵیۆز نەزمی حەزوری ڕایگەیاند کە بەھۆی بەردەوامبوونی ھێرشەکانی سوپای ئیسرائیل، دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە زۆر کارەساتبارە بە تایبەتی لە ڕووی تەندروستییەوە و، ئاماژەی بەوەدا کە دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئامادەیی خۆی نیشانداوە لەوەی خۆراک، ئاو و پێداویستی پزیشکی بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە دابین بکات.

نەزمی حەزوری لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی باسی لە پێشھاتەکانی دۆخی ئێستای کەرتی غەززە و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ کەرتی غەززە کرد.

لەوبارەیەوە کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا ھیچ ڕێکخراوێکی مرۆیی لە ھەرێم ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بە دانیشتووانی کەرتی غەززە، جگە لە دەزگای خێرخوازی بارزانی.

نەزمی حەزوری ڕایگەیاند، دەزگای خێرخوازی بارزانی وەک تاکە ڕێکخراوێکی مرۆیی لە ھەرێم ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بە دانیشتووانی کەرتی غەززە و گوتی: “چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، موسا ئەحمەد کۆبووینەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، ناوبراو ڕایگەیاند کە ئامادەن یارمەتی مرۆیی بگەیەننە دانیشتووانی کەرتی غەززە”.

گوتیشی: “لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ھەنگاوی یەکەم بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ کەرتی غەززە ڕێککەوتین کە بریتییە لە خۆراک، ئاو و پێداویستی پزیشکی”.

ئاشکراشی کرد کە بەمزووانە وادەی ناردنی یارمەتی مرۆیی لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ کەرتی غەززە ڕادەگەیەنن و گوتی: “بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی لە ھەرێمەوە بۆ کەرتی غەززە کاتی زۆری پێویستە، چونکە دەبێت پێشوەخت ھەماھەنگی ھەبێت بۆ گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان لە ھەرێمەوە بۆ دەروازەی ڕەفح بۆ ئەوەی بگەیەندرێتە کەرتی غەززە، بەڵام لە ئێستا ئامادەکارییەکان لەوبارەیەوە دەستی پێ کردووە”.

نەزمی حەزوری ڕاشیگەیاند، لەگەڵ ئەوەی یارمەتییە مرۆییەکان لە ھەرێمەوە گەیشتە کەرتی غەززە، ئەوا لەلایەن ڕێکخراوی مانگی سووری فەڵەستینی بەسەر دانیشتووانی کەرتی غەززەدا دابەش دەکرێن.

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر، جەختی لەوەیش کردەوە کە سەرەتا دەبێت ھێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بوەستێندرێت و، ئەو کات دەتواندرێت یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەندرێنە کەرتی غەززە.

نەزمی حەزوری لەبارەی دۆخی ئیستای کەرتی غەززە ڕایگەیاند، بەھۆی ئەو ھێرشانەی کە بە چەک و مووشەکی دروستکراوی ئەمریکی لەلایەن ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێن، تا ئێستا زیاتر لە چوار ھەزار و ٦٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە لە نێویاندا ھەزار و ٧٠٠ منداڵ ھەن و گوتی: “بەڕاستی دیمەنەکە زۆر تاوانکارییە کە گوزارشت لە سیاسەتی ئیسرائیلی داگیرکار دەکات، ئەمەیش کارێکی نوێ نییە چونکە لە بنەڕەتدا قەوارەی زایۆنی لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی، مێژوویەکی زۆر ڕەشی ھەیە، بەو پێیەی تا ئێستا دەیان تاوانی کۆمەڵکوژیی دژبە گەلی فەڵەستینی ئەنجامداوە”.

نەزمی حەزوری باسی لە دۆخی مرۆیی ئێستای لە کەرتی غەززە کرد و گوتی: “بەھۆی بەردەوامبوونی ھێرشەکانی داگیرکارەوە، دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە زۆر کارەساتبارە بە تایبەتی لە ڕووی تەندروستییەوە “.

گوتیشی: “ئێستا بە ھەموو جیھانی ڕادەگەیەنین کە ئەوەی ئیستا لە کەرتی غەززە ڕوودەدات، بەڵگەیەکی زیندووە لەبارەی ئەو تاوانانەی کە ئیسرائیلی داگیرکار دژبە مرۆڤایەتی بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین ئەنجامی دەدات”.

ناوبراو باسی لەوەیش کرد کە بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە، ژێرخانی تەندروستی لە کەرتی غەززە وێران بووە و گوتی: “تا ئێستا لە ئاکامی ھێرشەکانی ھێزی داگیرکار، حەوت نەخۆشخانە و ٢٥ بنکەی تەندروستیی کە خزمەتگوزاری تەندروستیان پێشکەش بە دانیشتووانی غەززە دەکرد، زیانی زۆریان بەرکەوتووە”.

ڕاشیگەیاند، تەنانەت لەئێستادا دۆخی کۆمەڵایەتی بۆ ئافرەتانی دووگیان لە کەرتی غەززە زۆر مەترسیدارە و گوتی: “لەم دۆخەی ئێستا، ٥٠ ھەزار ئافرەتی دووگیان لە کەرتی غەززە لەسەروبەندی ئەوەدان کە منداڵەکانیان لەدایک ببێت، ئەوەیش لە کاتێکدایە کە ژێرخانی تەندروستی لە کەرتی غەززە وێران بووە”.

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر، باڵیۆز نەزمی حەزوری ڕەخنەی لە سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ ئیسرائیل گرت کە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە ئەنجامی دا و گوتی: “جێی داخە کە دەبینیین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا بە دووڕوویی مامەڵە لەگەڵ پرسی فەڵەستیندا دەکرێت، بۆ نموونە کاتێک جۆ بایدن بەرلەوەی بگاتە ناوچەکە، لە ئەمریکا ئەوەی بە ڕوونی ڕاگەیاند کە پرسی فەڵەستین بە دامەزراندنی دوو دەوڵەتیی چارەسەر دەبێت، بەڵێ ئێمەیش لەگەڵ دامەزراندنی دوو دەوڵەتییداین، بەڵام کاتێک گەیشتە ئیسرائیل پاڵپشتی و دۆستایەتی ئەمریکای بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند”.

گوتیشی:” تەنانەت سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل ھەندێک ھەڵوێستی نیشاندا کە لە بەرژەوەندی گەلی فەڵەستین نەبوو، جگە لەوەیش بایدن فڕۆکە و کەشتی جەنگی لەگەڵ خۆیدا ھێنا بۆ ناوچەکە، بۆیە ئومێدمان دەکرد لە بری ئەوە، کەشتی ئاشتی و ژمارەیەک شاعیر، نووسەر، ڕووناکبیر و کەسایەتی موسڵمان، مەسیحی و جوولەکەی لەگەڵ خۆیدا بھێنایە، بۆ ئەوەی پەیامی ئاشتیان بە ھەموو جیھان بگەنن لەبارەی دامەزراندنی دوو دەوڵەتیی وەک ھەنگاوێک بۆ بەدیھێنانی ئاشت لە ناوچەکە”.

ڕاشیگەیاند: “ئێستا بە قەوارەی زایۆنی دەڵێن دوژمن و داگیرکار، چونکە خاکی فەڵەستینی داگیرکردووە و بەردەوام کەرتی غەززە بۆردومان دەکات، بەڵام ئەگەر ئاشتی بەدی ھات و دوو دەوڵەتی دامەزرا، ئەو کات پێی دەڵێن دراوسێ و ئەگەر پەیوەندییەکان باش بوو، ئەوە پێی دەڵێن دراوسێی بە وەفا”.

ھەر لەوبارەیەوە نەزمی حەزوری باسی لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ریشی سوناک بۆ ئیسرائیل کرد کە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە ئەنجامی دا و گوتی: “بەھەمانشێوە کاتێک ریشی سوناک سەردانی ئیسرائیلی کرد و بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی لەگەڵ خۆیدا ھێنا و ڕایگەیاند کە بەریتانیا پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات، بۆیە ئێمە دەڵێن ‘ئەم جۆرە سیاسەتە، ئاشتی بەدی ناھێنێت’، چونکە پێویستبوو ریشی سوناک لە بری ئەوە ھەنگاو بەرەو ئاشتی بنێت”.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button