
مامۆستایه‌كی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه: به‌شێك له خەڵكی سلێمانی منداڵه‌كانیان بۆ خوێندن دەنێرنە هەولێر.
د. ناسیح حه‌بیب، مامۆستای زانكۆی هه‌ڵه‌بجه، گوتی: “ئه‌مساڵ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده له مه‌ترسیدایه، چونكه له دوای هه‌موو خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م زۆنه‌وه، په‌روه‌رده كراوه‌ته‌وه ئامانج و قوتابخانه و ناوه‌ندی زانكۆ داخراون. ماوه‌ی نۆ ساڵه له‌م سنووره له كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وام به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت، گرفت بۆ پرۆسه‌ی خوێندن دروست كراوه و په‌ك خراوە. به‌داخه‌وه هێزی ده‌سه‌ڵات له سلێمانی له هه‌موو حاڵه‌تەكان ویستوویه‌تی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده بقۆزێته‌وه و وه‌ك چه‌كێكی سیاسی به‌كاری هێناوه. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی نەرێنیی هه‌بووه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی په‌روه‌رده له‌م سنووره.“
ڕوونیشی كردەوە: ”لەبارەی ئەم بایكۆته‌ی ئه‌مساڵ، له سه‌ره‌تای دەستپێكردنی پرۆسه‌ی خوێندن باسی بایكۆت نه‌بوو، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تیی زۆربه‌ی زانكۆكان دابه‌شكردنی به‌شه ناوخۆییه‌كانیان راگرتووه، ئه‌مه خۆی له خۆیدا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه سه‌رۆكایه‌تییه‌كان خۆیان له‌گه‌ڵ بایكۆتی ده‌وامدا بوون، نه‌ك زۆرینه‌ی مامۆستایان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی خراپ دروست ده‌كات.“
گوتیشی: ”نزیكبوونەوەی هه‌ڵبژاردنیش یه‌كێكی دیكه‌یه له ئامرازه‌كانی فشار له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، چونكه حزبی ده‌سه‌ڵات له سلێمانی كه‌وتووه‌ته‌وه بارودۆخێكه‌وه كه پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی سیاسییه‌كانی پێشووی ده‌رده‌چێت، له‌سه‌ر پرسی ئه‌م بایكۆته زۆر ده‌ستی سیاسیی تێكه‌ڵ بووه، سه‌یر له‌وه‌دایه كه له سنووری سلێمانی له زۆربه‌ی دامه‌زراوه حكوومییه‌كان ده‌وام ده‌كرێت و گرفت نییه، سه‌یرتر له‌وه، له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌دا ته‌نیا له بابه‌تی وانه‌گوتنه‌وه له ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده و زانكۆكان راگیراوه، ته‌نانه‌ت پرۆسه‌ی وه‌رگیران له ماسته‌ر و دكتۆرا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و گرفتی نییه، ئه‌وه‌ی په‌كی كه‌وتووه پرۆسه‌ی خوێندنه به سه‌ره‌تایی و ئاماده‌یی و زانكۆوه، هه‌ر هێزێكی سیاسی ده‌یه‌وێت ئه‌مه به‌كار بهێنێت، مەبەستی ده‌ستوه‌ردانی سیاسی و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنە.“
ئەو مامۆستایەی زانكۆ راشیگه‌یاند: ”یه‌كێك له خراپییه‌كانی بایكۆت له سلێمانی، به‌تایبه‌تكردنی پرۆسه‌ی خوێندنه به قازانجی قوتابخانەكانی ئه‌هلی، ئه‌مه وای كردووه دایك و باوكان جێگرەوە بۆ پرۆسه‌ی خوێندن بۆ قوتابییه‌كانیان بدۆزنه‌وه، چونكه مامۆستایانیش بوونه‌ته چه‌ند به‌شێك، به‌شێكیان هه‌قیانه و به‌شێكیان ده‌ستی سیاسی‌یان له‌پشته، بۆیه دایك و باوكیش ناچار بووه خوێندنی تایبه‌ت بۆ منداڵەكەی هه‌ڵبژێرێت و بایكۆت زه‌ره‌ری بۆ منداڵی هه‌ژار هەیه. له هه‌مووی گرنگتر، وه‌ك تێبینی دەكرێ به‌شێك له خانه‌واده‌كان به‌هۆی ئه‌م بایكۆته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌ی منداڵه‌كانیان به‌فیڕۆ نه‌چێت شوێنی نیشته‌جێبوونیان له سلێمانییەوە گواستووه‌ته‌وه بۆ پارێزگای هه‌ولێر و به‌شێكیان منداڵه‌كانیان گواستووه‌ته‌وه و خۆیان له سلێمانی ماونه‌ته‌وه، خه‌ریكه هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كە زیاتر ده‌بێت، له سلێمانی رۆژانه زۆر خانه‌واده منداڵه‌كانیان ده‌گوازنه‌وه بۆ قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر، یان خۆیان بار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و پارێزگایه، ئه‌مه كاریگه‌رییەكەی له‌م بواره‌دا زه‌قه و دیاره و ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كه توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه، كه بزانرێت چه‌ند خانه‌واده باریان كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌ی زانستی بكرێت ئه‌مه واقعه و هه‌یه.“
ده‌شڵێت: ”ئه‌مه له داهاتوودا كاریگه‌رییەكەی ده‌رده‌كه‌وێت كه چۆن ململانێی سیاسی له‌سه‌ر په‌روه‌ردیی سلێمانی ده‌كرێت، ده‌نا وه‌زیری په‌روه‌رده یه‌كێك بووه له وه‌زیره چالاك و نیشتمانپه‌روره‌كان و له خه‌می په‌روه‌رده‌ی كوردستان بووه، بۆیه ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی له‌پشت ئه‌م بەسیاسیكردنه‌ی پرۆسەی په‌روه‌رده‌ن، خۆیان په‌شیمان ده‌بنه‌وه.“



