رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستگرنگ

وادەی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیاریکرا

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 45 رۆژی بۆ بانگەشەکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دیاریکرد.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: “ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا رۆژی 1-11-2023 هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێبکات و تاوەکو رۆژی 15-12-2023 بەردەوام دەبێت، واتە تاوەکو 24 کاژێر پێش دەنگدانی تایبەت هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت.” 

گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان باسی لەوەشکرد، ئەوپەڕی ئەو پارەیەی بەربژێر دەتوانێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا بەکاری بهێنێت 250 دینارە بۆ هەر دەنگدەرێک لەو بازنەیەی بەربژێرەکە خۆی تێدا بەربژێر کردووە؛ بڕی ئەو پارەیەش کە هاوپەیمانێتی یان حیزب دەتوانێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا خەرجی بکات، ئەو بڕە پارەیە (250 دینار) لێکدانی ژمارەی بەربژێرانی هەمان حیزب یان هاوپەیمانی لەو بازنەیە دەکرێت.” 

سەبارەت بە نوێترین ئاماری پەیوەست بە هەڵبژاردنەکە، جومانە غەلای گوتی، “بەپێی تیروپشکی ئەلیکترۆنی، 206 هەزار و 429 فەرمانبەر دەستنیشانکراون بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکە”؛ ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو دەنگدەرانەش کە داتاکانی خۆیان لە 20ـی ئادار تاوەکو 20ـی ئابی ئەمساڵ نوێکردوەتەوە، کارتی بایۆمەترییان بۆ دەردەهێنرێت کە ژمارەیان یەک ملیۆن و 977 هەزار و 369 کەسە؛ ئەوە جگە لە چاپکردنی 17 ملیۆن و 677 هەزار و 150 کاخەزی دەنگدان، کە نموونەی کاخەزی دەنگدانی گشتی و تایبەتی تێدایە، جگە لەوەش 111 هەزار و 714 کامێرا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە تەرخان دەکرێن.” 

بەپێی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەیە؛ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەسیان لە دەنگدانی گشتی دەبن و بەسەر حەوت هەزار و 166 بنکەی دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگەی دەنگدان دابەشکراون؛ هەروەها یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت دەتوانن دەنگبدەن کە بەسەر 565 بنکەی دەنگدان و دوو هەزار و 367 وێستگەی دەنگدان دابەشکراون.

هەروەها ژمارەی ئەو ئاوارانەشی تۆمارکراون و دەتوانن دەنگبدەن 48 هەزار و 260 کەسە و کۆمیسیۆن 35 بنکە و 120 وێستگەی دەنگدانیان بۆ دەکاتەوە.

بڕیارە 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق بە کەرکووکیشەوە بکرێت.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button