
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر، ئــــاگــاداری بریکارانی خۆراك دەکاتەوە سەردانیان بكەن، بۆ وەرگرتنەوەی لیستی بریکـــاری خـــۆراک و رادەستكردنی پارەی مانگی 9ی سەبەتەی خۆراك.
لای خۆیەوە، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، ڕایگەیاند: “لەم هەفتەیەوە دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی نۆیەمی ئەمساڵی هاووڵاتییان دەكرێت”
ئاماژەی بەوەش دا: “مادەكانی خۆراك هەمووی هاتوون و رۆژانەش باری خۆراكەكان دەگەن بە كۆگاكانمان و پرۆسەكە بەردەوامە.”
دلێر عەبدولواحید، ئاشكراشی كرد بەشەخۆاكی نۆیەم پێكهاتووە لە شەكر و زەیت و دۆشاوی تەماتە و برنج و نیسك و ئاری نۆك.
باسی لەوەش كرد: “بۆ ئەمجارە دوو جۆر برنجی باشن، كە برنجی ئەمریكی و برنجی تایلەندییە.”
بەشەخۆراکی هەشتەم لە مانگی 9 دەستی پێکردووە و ئەمجارە بەشەخۆراكی تازە هەندێك دواكەوت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: ” دەست بەدابەشکردنی لیستی بریکارەکان و بەشی نۆیەمی خۆراک دابەش دەکرێت و زوربەی مادەکانی بەشە خۆراک گەیشتووەنە کۆگاکانی هەرێمی کوردستان.”
گوتیشی : “بڕیاری دابەشکردنی خۆراك لە هەموو عێراق نەدرابوو، ئێستا وەزارەتی بازرگانی دەستی بە رێكارەكان كردووە، بۆ دابەشكردنی بەشەخۆراكی تازە.”
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر ئاشكرایشی كرد، بەشەخۆراكەكان دوای ئەوەی پشكنینیان بۆ دەكرێت، دەدرێنە بریكارەكانی خۆراك و ئەوانیش بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی دەكەن.



