
وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، هەژمارکردن یان نەکردنی خوێندنی ئەمساڵ تەنها لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەدایە.
ئالان حهمهسهعید، وهزیری پهروهردهی حكومهتی ههرێمی كوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگهیاند، “دەمەوێت هەمو لایەک دڵنیابکەمەوە، کاتێک وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، پڕۆگرامەکانی خوێندن کەم ناکەینەوە، مەبەستی ئەوەیە بەرژەوەندی قوتابی و خوێندکاران بپارێزێت، چونکە کەمکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن بە کۆی گشتی زیان بە هەموو خوێندکاران دەگەیەنێت و پڕۆسەکەیان لێتێکدەچێت، بە جۆرێک کە نمرەی زۆر بەرز دێت، ئێمە نمونەی خوێندنی ساڵی 2020مان هەیە ئەوکاتە بەهۆی کۆرۆنا بوو کە لە دەرەوەی ئیرادەی هەموومان بوو”.
وتیشی، “هەموو خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سلێمانی دڵنیادەکەمەوە کە درەنگ دەستیان بە خوێندن کردووە، یان تا ئێستا دەستیان پێنەکردووە، ماف و بەرژەوەندییان پارێزراو دەبێت”.
ماوەی نزیکەی دوو مانگ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت کە بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی مووچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا نادرێت، بەشێکی فەرمانبەران و مامۆستایان بایکۆتی دەوام و هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.
بەوهۆیەوە خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی ناڕەزاییان دەربڕی و داوای کەمکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندنیان کرد.



