رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستگرنگ

بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنیی عێراق نەخۆشیی دەروونی زیادی کردووە

لە عێراق دایک و باوکان ناهێڵن منداڵەكانیان بچنە دەرەوە و كاتەكانیان بە ئایپاد و ئامێرە تەكنەلۆجییەكان بۆ پڕ دەكەنەوە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی كردووەتە سەر منداڵان.

پزیشكان لە عێراق هۆشداری دەدەن لەوەی كە دۆخی خراپی ئەمنی لە شارەكانی باشوور وە ناوەڕاستی عێراق، منداڵانی دووچاری چەندین نەخۆشیی دەروونی كردووە، لەوانە گۆشەگیری و ئۆتیزم، چونكە دایك و باوكان لە ترسی رفاندن و دەستدرێژیكردنە سەریان، ناهێڵن منداڵەكانیان بچنە دەرەوە و كاتەكانیان بە ئایپاد و ئامێرە تەكنەلۆجییەكان بۆ پڕ دەكەنەوە.

سەرەڕای نەبوونی شوێن و یاریگا بۆ منداڵان لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی عێراق، دۆخی ناسەقامگیریی ئەمنی لە شار و پارێزگاکان، ڕفاندن و دەستدرێژیكردنە سەر منداڵان، شێوازێکی دیاریکراوی ژیانی بەسەر خێزانە عێراقییەکاندا سەپاندووە، کە لەدەرەوەی پڕۆسەیەكی پەروەردەی دروستە بۆ منداڵان، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی كردووەتە سەر خێزانە عێراقییەكان بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی.

دکتۆر وەلید سەعدی، پزیشکی پسپۆڕ لە دەروونی منداڵان، لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە، ڕێژەی ئەو منداڵانەی بەدەست کێشە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن لە زیادبووندایە، زۆربەشیان دووچاری گۆشەگیری و ئۆتیزم هاتوون.

لە لێدوانێکیدا بۆ (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)، دكتۆر وەلید سەعدی پێی وایە: ”خەمخۆری بۆ ئەمنییەت هۆکاری یەکەمە کە وا لە دایکان و باوکان دەكات، ڕێگری بکەن لە تێکەڵبوونی منداڵەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکەی هاوتەمەنیان، بەتایبەتی لەو گەڕەک و شارانەی کە شایەتحاڵی ڕووداوە تاوانکارییەکانن، كە بەسەر منداڵاندا هاتووە، بەتایبەتی لە رەگەزی مێیینە.“

هودا ناتق، توێژەری کۆمەڵایەتی، لەمبارەیەوە دەڵێت: ”پێویستە دایک و باوکان ڕێگە بە منداڵەکانیان بدەن بە ئازادی یاری بکەن، بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت و بەبێ هیچ دەستوەردانێک، مەگەر مەترسییەکی گەورە هەبێت، بەو پێیەی منداڵان دەبێت هەموو ڕۆژێک کاتێکی پێویستیان هەبێت بۆ یاریکردن، بۆ ئەوەی هەست بە بێزاری نەکەن و ژینگەیەکی سەلامەتیان بۆ دابین بکەن.“

ئەو توێژەرە دەشڵێت: ”لە ڕێگەی کارەکانمەوە تووشی چەندین حاڵەت بووم، کە دایکان گلەیی لە منداڵەکانیان، یان لە هاوارکردنی بەردەوامیان لەناو ماڵدا دەکەن، لەگەڵ پرسیارلێكردنیان ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە ڕێگەیان پێنادەن بچنە دەرەوە، یان ئەوان تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر کورت دەچنە دەرەوە، ئەوەش بەهۆی ترسی دایك و باوكان لە منداڵەکانیان لە مەترسییە دەرەکییەکانی وەک ڕفاندن یان دەستدرێژكردنە سەریان، لەو دۆخەدا خێزانەكان كاتەكانی منداڵەكانیان لە ماڵەوە بە ئامێرە ئەلكترۆنییەكان پڕ دەكەنەوە، كە ئەوەش مەترسیی هەیە لەسەر باری دەروونیی منداڵەكانیان.“

ناتق، كە لە سەنتەرێكی گوێگرتن و ڕاوێژکاری دەروونی کار دەکات، باسی لەوەش كردووە، کە زیاتر لە 80%ی ئەو منداڵانەی لەو سەنتەرەن، بەدەست باوترین کێشەکانی وەکوو گۆشەگیری، ئۆتیزم، تووڕەیی و خەمۆکییەوە دەناڵێنن.

جگە لەوەش، عەدنان مەحموود، پسپۆڕی دەروونناسی دەڵێت: ”یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی یاریکردن لە گۆڕەپانە کراوەکان، یان نزیک ماڵەکانیان، یان پارکە گشتییەکان ئەوەیە کە وا لە منداڵان دەکات هەوڵێکی زۆر بدەن، هەر ئەمەشە وا دەکات ئەوان باشتر دەخۆن و بیر دەکەنەوە، منداڵەکە لەگەڵ چالاکییەکان ڕادێت و زیاتر نەرمونیان دەبێت و سیستەمی بەرگریی لەشی بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز و زیاد دەکات.“

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button