
بە گوێرەی ئەنجامە نافەرمییەکانی هەڵبژاردنــی گشتیی ئەنجوومــەنی پارێزگاکــانی عێراق، کـە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 19-12-2023، لەلایەن ناوەندەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوکراونەتەوە؛ پارتی حەوت کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای مسۆگەر کردووە.
لە سنووری پارێزگای نەینەوا یەک ملیۆن و 695 هەزار و 566 کەس مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەبوو، لەو ژمارەیە 882 هەزار و 479 کەس دەنگیان دا. تاوەکو ئێستا سەدا 52ـی دەنگی وێستگەکان لە سنووری ئەو پارێزگایە جیاکراونەتەوە و، پارتی زیاتر لە 53 هەزار و 449 دەنگی بەدەستهێناوە و حەوت کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی مسۆگەر کردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە سنووری پارێزگای نەینەوا لە سەدا 52 بووە.
بەگوێرەی زانیاریەۆان بێجگە لەو حەوت کاندیدەی پارتی کە سەرکەوتنیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا مسۆگەر کردووە، دوو کاندیدی دیکەی پارتی ئەگەری سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکەدا زۆرە؛ واتا پارتی لە هەوڵی بەدەستهێنانی کورسی هەشت و نۆیەمدایە.



