
ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو رایدەگەیەنێت، پەکەکە بووە بە لقێکی حەشدی شەعبی.
دیندار نەجمان دۆسکی، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو دەڵێت: “ئەوەی پەکەکە دەیکات، نە خەباتە، نە سوودی بۆ باکووری کوردستان هەیە، بگرە زیان بە قەوارە و ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، بوونی پەکەکە لە باشوور بە زیان دەزانم، چ لە رووی مافی یاسایی هەرێم، چ لە رووی پێشێلکردنی سەروەرییەکەی، چ لە رووی هێنان و دەستوەردانی واتانی دیکە بۆ نێو خاکی هەرێمی كوردستان، پەکەکە نەک بۆ باشوور، بەڵکوو بۆ تەواوی دۆزی کورد کێشەیە.“
هاوکات گوتیشی: “پەکەکە بووە بە داردەستی وڵاتان، جارێ خزمەت بە تورک دەکات، جارێ بە ئێران لە دژی گەلی خۆیەتی، ئەگەر وەک خەڵکی ئاسایی لە باشووری کوردستان بژین زۆر ئاساییە، بەڵام بارگرانیی دروست کردووە، ئاخر لە چەمچەماڵ و ئاخجەلەر چ خەباتێک دەکات، تا خزمەت بە دۆزی کورد و باکووری کوردستان بکات؟، بەهۆی پەکەکەوە ناوهێنانی کورد و باسکردنی كورد لە تورکیا وەک (تیرۆرست!) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لە رۆژئاوای کوردستانیش بەهۆی پەکەکەوە خەریکە ئەو دەستکەوتە تازەیە لەدەست دەچێ، چونکە پەکەکە رێگە نادات خەڵکی خۆیان حوکمی شوێنەکە بکەن، ئەوەی لەوێیە پەیوەندیی لەگەڵ قەندیل هەیە و بووە بەهۆی دژایەتیی وڵاتانی دونیا.“
دیندار دۆسکی دەشڵێت: “پەکەکە لە عێراق بووە بە لقێک لە حەشدی شەعبی، گریمان حەشد شیعەیە و بۆ ئێران كار دەکات، لەبەر ئەوەی شیعەن تا رادەیەک ئاساییە، ئەی پەکەکە، کە بانگەشەی خەباتی نەتەوەیی دەکات، چ ئیشی بەوانە؟”



