
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر راگەیاندراوێکی لەبارەى ئامارى ڕووداوەکانى 25/12/2023 تاوەکوو 1/1/2024 بڵاوکردەوە.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە راگەیاندراوەکەدا بڵاوی کردووەتەوە کە بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاریی و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە سەرى ساڵى نوێ لەلایەن پارێزگای هەولێر لە 25/12/2023 تاوەکوو 1/1/2024 ئامادەکرابوو، سەرجەم ڕێکارەکان بە سەرکەوتووى ئەنجامدرا و پلان و ئامادەکارییەکان چۆن داڕێژرابوو لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان وەکوو خۆى و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکرا، بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
یەکەم/ گەشتوگوزار:
لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران و پێکهێنانی لیژنەى تایبەت بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران لە دەروازەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر و چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و میوانخانە و چێشتخانەکان، لە 25/12/2023 تاوەکو 1/1/2024، 63 هەزار و 509 گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
دووەم/ هاتوچۆی هەولێر:
پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران، سەبارەت بە ڕووداوەکانى هاتووچۆش لە 25/12/2023 تاوەکو 1/1/2024 بەهۆى پابەند نەبوون بە یاساکانى هاتووچۆ و خێرا لێخوڕین 14 ڕووداوى هاتووچۆ ڕوویاندا، کە بەداخەوە بەهۆیانەوە 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 25 کەسى دیکەش برینداربوون.
سێیەم/ ئاسایشی هەولێر:
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.
چوارەم/ پۆلیسی هەولێر:
پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاوڵاتییان و ئامادەباشی سەرجەم هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەبێ هیچ گیر و گرفتێک تەواوی بڕگەکانی وەکخۆى جێبەجێکران، لە 25/12/2023 تاوەکو 1/1/2024، 49 حاڵەت و تاوانى جۆراو جۆر ئەنجامدراوە، هەر 49 حاڵەت و تاوانیش ئاشکراکراوە و تاوانباران و ئەنجامدران دەستگیر کراون.
پێنجەم/ بەرگریی شارستانی:
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لە ئەرک دابوون، 25/12/2023 تاوەکو 1/1/2024، 18 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، حاڵەتەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی 5 هاوڵاتى بەسووکى بریندار بوونە و سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتىی گشتیى تەندروستى:
تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرک دابوونە، لە 25/12/2023 تاوەکو 1/1/2024، 13747 نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، 4128 کەسی دیکەش سەردانى ڕاوێژکارى پزیشکیان کردووە، 100 نەشتەرگەرى ئەنجامدراوە، جگە لە 54 حاڵەتى فریاکەوتن و 3 حاڵەتى گەستنى سەگ و(160 حاڵەتى وەرگرتنى چارەسەرى کیمیاوى، لە نەخۆشخانەکانی (لەدایكبوون و ئافرەتان، ن. شقاڵاوه، ن. عطایای ئیماران بۆ لە دایكبوون و منداڵان 2737 نەخۆش سەردانیان کردووە، 239 منداڵ 117 کوڕ و 122 کچ بەئاسیى لەدایک بوونە و 60 منداڵی دیکەش کە 34یان کوڕ و 26یان کچ بوونە بەنەشتەرگەری لەدایک بوونە.
هەروەها نووسینگەی پارێزگاری هەولێر راشی گەیاندووە: “دەستخۆشی لە یەکە کارگێڕیی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنیەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر و تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قەزا و ناحییەکان دەکەین، کە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوو وێڕاى پشووى فەرمانگەکانیان لە ئەرکدابوون، جارێکی تر وەکو پارێزگاى هەولێر هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و بە هەموو توانایەکمانەوە بە پشت بەستن بەتوانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان.”



