رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

ئومێد خۆشناو داوای خۆپێشاندان دەکات لە هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 16/1/2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئاگادارییەكی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا هاتووە: “له‌پێناو ئیدانه‌کردن و شه‌رمه‌زارکردنی ئه‌و هێرشه‌ ناڕه‌وایه‌ی دوێنێ شه‌وی سه‌ر هه‌ولێری هه‌میشه سه‌ربه‌رز و کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌کانی پێشووتریش، ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ک هاووڵاتیی شاره‌که‌مان داوای مۆڵه‌تی خۆپیشاندانیان کردووه‌ و بڕیاره‌ كاتژمێر 10:30 خولەكی بەیانیی ئەمڕۆ، گه‌وره‌ و بچووک و چین و توێژه‌کان، بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی مه‌زڵومیه‌ت و ڕیسواکردنی بکه‌رانی ئه‌و تاوانه‌، له‌ به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌سه‌ر شه‌قامی 100 مه‌تری گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بکه‌ن و مۆڵه‌تیان پێدراوه‌، ئێمه‌ش پشتیوانیان لێ ده‌که‌ین و له‌گه‌ڵیان ده‌بین.”

ئومێد خۆشناو دەشڵێت: “داوا له‌ج ه‌ماوه‌ری هه‌میشه سه‌ربه‌رزی هه‌ولێر و دەووربەری ده‌که‌ین، بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی هه‌ولێر و پڕۆتستۆکردنی ئه‌و تاوانه‌، به‌شداریی فراوان بکه‌ن.”

پارێزگاری هەولێر دروود بۆ ڕۆحی شه‌هیدان دەنێرێت و هیوای سه‌لامه‌تی بۆ برینداران دەخوازێت و دەڵێت: “هه‌ولێر هه‌ولێره‌ و نابه‌زێ و ناترسێ و ناهه‌ژێ.”

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكانی سەر هەولێر بڵاو كردەوە، تێیدا هاتبوو: “کاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێك لە بریندارەکان ناجێگیرە.”

ئەوەش خرابووە ڕوو: “سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە، ئەم بیانووە بێبنەمایە و ڕەتی دەکەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکار دێنن و هەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێک.”

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەش كردەوە: “ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی هەرێمی كوردستان و عێراقە و پێویستە حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن.”

هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا، هێرشەكەی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر شەرمەزار كرد و داوای لە حكوومەتی فیدڕاڵی كرد، هەڵوێستی توندیان بەرامبەر بەم پێشێلكارییە هەبێت و ڕایگەیاند: “جارێکی دیکە هەولێری سەربەرز کرایەوە ئامانجی هێرشی موشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران، بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە. “

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: “داواکارم لە خوای گەورە، شەهیدەکان بە بەهەشت شاد بکات و بریندارەکان هەرچی زووتر چاک ببنەوە. بە توندی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان شەرمەزار دەکەم.”

مەسرور بارزانی لە پەیامەكەیدا داوای لە حکوومەتی فیدراڵی كرد: “هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بە تایبەتی هەرێمی کوردستان.”

سەرۆكی حكوومەت هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد: “لەسەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت، بێنە دەنگ، لە ڕۆژانی داهاتوودا”، ڕاشیگەیاند: “لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لە پێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێتاوانی کوردستان.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button