
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ، لە کاتی گۆڕینی تایەی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر، کەوتووەتە ژێر بارهەڵگرەکە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە و شۆفێری بارهەڵگرەکەش دەستگیرکرا.
عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند ، “ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024، گەنجێک کە شاگردی دووکانێک بووە لە گەڕەکی پیشەسازیی کەلار لە کاتی گۆڕینی تایەی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر، جەگی ژێر بارهەڵگرەکە خلیسکاوە و ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە بەسەریدا و گیانی لەدەستدا.”
گەنجەکە ناوی عەلی محەممەد عەلی، لەدایکبووی ساڵی 1999ـە، نیشتەجێی ناحیەی رزگاریی سەر بە قەزای کەلارە، دوای رووداوەکە تەرمی گەنجەکە رەوانەی دادپزیشکیی قەزای کەلار لە ئیدارەی گەرمیان کراوە.
هەروەها شۆفێری بارهەڵگرەکە بەپێی مادەی 411ـی یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.



