ئێران دەیەوێت ڕێگری لە گەشەی ئابووریی هەولێر بکات

نیوەشەوی دووشەممە 15 لەسەر 16ی 1ی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەکی بالیستی، هێرشی کردە سەر هەولێری پایتەختی کوردستان. دانیشتوانی هەولێر لە زرمەی مووشەک و شۆکی ڕووداوەکەدا لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێدا بوون. بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران بەخێرایی بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە گرتە ئەستۆ و بانگەشەی ئەوەی کرد، کە گوایە بنکەیەکی هەواڵگریی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
لەبارەی هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر خەڵکی سڤیل، محەمەد ساڵح بە ڕۆژنامەی (نیو عەرەبی)ی ئینگلیزی ڕاگەیاند: ”ئەمە ڕووداوێکی نوێی نییە، بەڵکوو درێژکراوەی ڕووداوەکانی دیکەیە. ئێران لە ساڵانی 2020 و 2022دا هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکی بالیستیی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.”
محەمەد ساڵح، گوتیشی: ”بە بانگەشە و لە ڕووکەشدا، هێرشەکانی ئێران بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بوون، بەڵام لەڕاستیدا پەیامەکە بۆ کوردستانە. جگە لەوەش، هێرشەکان مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیییان هەبوو. تاران پێویستی بەوە بوو، کە پیشانی خەڵكی خۆی بدات، تۆڵەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە کوشندەیەی کردەوە کە دەوڵەتی ئیسلامی لە خۆراسان لە کرمان ئەنجامی دا، کە (پڕوپاگەندەی فەرمی)ی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردبوو، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پلانی بۆ داڕێژراوە و لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش)ەوە جێبەجێ کراوە.“
محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوەش كرد: “ئێران بە درۆ ئیسرائیلی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەستووەتەوە. هێرشەکە پەیامێکە بۆ ئەوەی شتێک بە دانیشتوانەکەی خۆی بڵێت کە ئێران دەیەوێت وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە، کە بۆ سەر سوپای پاسداران لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و لە سووریا ئەنجامی داوە.“
هاوکات پرۆفیسۆر (دەیڤید ڕۆمانۆ) شارەزا لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە زانکۆی ویلایەتی میزۆری، بە هەمان شێوە تێبینیی ئەوە دەکات، کە چۆن ئێران “دەیەوێت هەندێک توانای ڕێگریکردن پیشان بدات” دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا، لە دژی بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
ڕۆمانۆ بە ڕۆژنامەی (نیو عەرەبی)ی گوتووە: “بەئامانجگرتنی کوردەکان لە هەولێر، لەژێر ئەو بیانوانەی کە بەدڵنیاییەوە بنەما و بیانووی درۆیینن گوایە (بنکەکانی مۆساد)یان بە ئامانج گرتووە، ڕێگە بە ئێران دەدات ئەو کارە بکات، بەڵام ئامانجەکانی ئێران ئامانجی دیکەن.“
ڕۆمانۆ پرسیاری ئەوەی وروژاندووە، کە ئایا ئێران “پاڵنەری زیادە”ی هەیە بۆ ئەوەی بەتایبەتی بازرگانێکی دیاری وەکوو پێشڕەو دیزەیی بکاتە ئامانج، کە سەرپەرشتیی دروستکردنی ئیمپایەر وۆرلد دەکات، کە کۆمپلێکسێکە زۆر لە بەرزترین باڵەخانە شوقەییە بەرزەکانی هەولێری تێدایە؟
لەبارەی پرسیارەکەی ڕۆمانۆوە، سەرۆکی شیکاری کۆمپانیای ڕاوێژکاری جیۆپۆلەتیکی TAM-C Solutions (سێنگ ساگنیچ) گوتی: ”بەڕاستی ئەمە ڕاستە، ئەمە بەشێک لە ئامانجەکەیە.“
سێنگ ساگنیچ، بە ڕۆژنامەی (نیو عەرەبی) ڕاگەیاند: ”ئێران پلانێکی بەردەوامی داناوە، بۆ بەئامانجگرتنی تاکی دەوڵەمەندی کورد لە کوردستان.“
دەشڵێ: ”ئێران دەیەوێت ڕێگری لە گەشەی بازرگانیی هەولێر بکات و بازرگانەکانی ناوچەکە ناچار بکات خۆیان لە پەیوەندییە بازرگانییەکان بەدوور بگرن، کە بە ناکۆکی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێران هەستیان پێدەکرێت، وەک هەناردەکردنی گازی سروشتی، یان ئەوانەی، کە بریکارە بازرگانییەکانی ئێران بەدەر دەکەن.“