ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاسایی دەخۆن

وابڕیارە سبەی دووشەممە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاسایی بخۆن.
حەسەن شێخانی سەرۆک لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک گوتی: ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەردەم سەرۆکی دادگای کەرکووک سوێندی یاسایی دەخۆن، پێشتر خۆیان دەھاتن بۆ ئەنجوومەن، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە ئێمە دەچینە بەردەمیان سوێندی یاسایی دەخۆین.
گوتیشی: سبەی تەنھا سوێندی یاسایی دەخۆین و بەپێی سیستەمی تازەش پێویستە پێش ٨ی٢ی٢٠٢٤ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، چونکە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە ماوەی ١٥ ڕۆژ پارێزگاری شار داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەکات و لە ماوەی ئەو ١٥ ڕۆژەدا کۆبوونەوە بکرێت، بۆیە ھەشتی مانگی داھاتوو دوایین ڕۆژە بۆ ئەوەی کۆببینەوە”
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەرۆکی ئەنجوومەن و یەک جێگر و پارێزگار و دوو جێگر ھەڵبژێرن، بۆیە ئێمەش چاوەڕێی سەرووی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی رێنماییمان پێ بدرێت چی بکرێت و چۆن ئەو کارانە چارەسەر بکرێت.