ئەمریکا 350 سەرکردەی سیاسی و حەشدی شەعبی دەکاتە ئامانج

بەرپرسیکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند: قۆناخی داهاتوو بۆ حکومەتەکەی سوودانی و حەشدی شەعبی زۆر قورس دەبێت.
عەبدولڕەحمان جەزائیری رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نەبووە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ببینێت. دەشڵێت، هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئانوسات دایە، بۆیە باڵیۆزخانەکەش چۆڵکراوە. باس لەوەش دەکات ئەمریکا بەنیازە ژمارەیەک سەرکردەی حەشدی شەعبی و سیاسی بکاتە ئامانج.
فەرماندەی حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق عەبدولڕەحمان جەزائیری، رایگەیاند: “ژووری ئۆپەراسیۆن لە ئوردن و قەتەر دروستکراوە، هاوپەیمانیی گەورە لەسەر عێراق پێکهاتووە، شەڕەکە دەستیپێکردووە و ناوەستێت، ئەمریکا بەنیازە 350 سەرکردەی حەشدی شەعبی و سیاسی بکاتە ئامانج”.
عەبدولڕەحمان جەزائیری پێیوایە، قۆناخی داهاتوو بۆ حکومەتەکەی سوودانی و حەشدی شەعبی زۆر قورس دەبێت، عێراق لە بەرامبەر ئەمریکا هاوسەنگ نییە لەڕووی چەکی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای سەربازییەوە.