بۆ یەکەمجار سوپای ئیسرائیل دوو بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە ئازاد دەکات

لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ەوە، بۆ یەکەمجار سوپای ئیسرائیل رزگارکردنی دوو بارمتەی ئیسرائیلیی لە غەززە راگەیاند.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دوو بارمتەمان ئازادکرد، کە ناویان فێرناندۆ سایمن مارمان، تەمەن 60 ساڵ و ولۆوس هار، تەمەن 70 ساڵە، هەردوو بارمتە رزگارکراوەکە گەڕێندراونەتەوە ئیسرائیل و گوازراونەتەوە نەخۆشخانە و هەردووکیان “لە دۆخێکی تەندروستیی باشدان”.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیل، کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 12-2-2024)، کە دەکاتە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئەو دوو بارمتەیە دەستیپێکردووە.
ریچارد هێچ، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی گوت “دوو بارمتەکە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە رەفەح رزگارکران.”
ئەو دوو کەسە ئیسرائیلیە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە لایەن حەماسەوە لە کۆمەڵگەی جوونشینی نیر ئیسحاق لە نزیک غەززە گیرابوون.