دادگایەکی ئیسرائیل خزمەتکارێکی پێشووی ” بێنی گانتز” وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەی بە تۆمەتی سیخووڕیکردن بۆ ئێڕان بە سێ ساڵ زیندانی، سزادا.
وەزارەتی دادی ئیسڕائیل ئاشکرای کردووە، تاوانبارەکە بە گروپێکی هاکەری گوتووە: بەرامبەر بڕێک پارە، دەتوانێت “پڕۆگرامی ئەلیکترۆنی” بخاتە نێو کۆمپیوتەرەکەی وەزیری بەرگری.
وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە، ئەوەی ڕاگەیاندووە: ئەو گروپەی ئەم خزمەتکارە پەیوەندی پێوەکردوون، ناویان ” بڵاک شادۆ- سێبەری ڕەش”ە.
“عومری گورین” تەمەن ٣٨ ساڵ، خزمەتکاری پێشووی وەزیری بەرگری ئیسرائیل. هەوڵی داوە لە بەرامبەر بڕێک پارە، زانیاری لەبارەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بدات بە گرووپە هاکەرەکەی ئێڕان.
ڕۆژنامەی ” ئیسرائیل تامیز” لە زاری پارێزەری “عوومری گورین”ی گواستۆتەوە کە دەڵێت ” ئەو سیخووڕ نیە و ئەم ڕووداوەش بە ئابڕوچوونێکی سیخوڕی دانانرێت”
هەروەها تاوانبار ئەوەی ئاشکراکردووە، ئەو تەنها ویستوویەتی پارە لە هاکەرەکان وەرگرێت و لە بەرامبەردا هیچ زانیارییکیان پێ نەدات. لە درێژەی دانپێدانانەکانی “عومری” دا هاتووە: کاتێک لە ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل گوێبیستی ئەوە بووە، هاکەرەکان هەوڵی بەدەستهێنانی زانیارین. لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تێلێگرام” پەیوەندی بە گرووپی ” بڵاک شادۆ”وە کردووە.
ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل ئەوەشیان ئاشکراکردووە، ئەو خزمەتکارەی وەزیری بەرگری، چەند وێنەی لە مێزی کارکردنی و قاسە و کۆمپیوتەرەکەی ماڵی ” بێنی گانیز”ی بۆ هاکەرەکان ناردووە.
وەزارەتی دادی ئیسڕائیل ئەوەشی ئاشکراکردووە، هەوڵەکانی ” عومری گورین” بۆ سیخووڕیکردن لە لایەن دەزگای تەناهی ناوەخۆی ئەو وڵاتە ناسراو بە ” شین بیت” پوچەڵکراوەتەوە.
ئێران و ئیسڕائیل دوو وڵاتی نەیار و دژ بەیەکترین. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، دەزگا هەوڵگرییەکانی هەردوو لا هەوڵی زیانگەیاند و سیخوڕیکردنیان لەسەر یەکتر داوە.