
بەهۆی شەڕی نێوان ئاسایشی یەکێتی و کۆماندۆ، بۆ ماوەی چەند خولەکێک لە کفری شەڕەتەقە ڕوودەدات.
ئەمڕۆ شەممە 17ـی 2ی 2024، میدیاكانی سلێمانی بڵاویان كردەوە، شەڕە لە بازگەی (كارێز) دروست بووە و ژمارەیەك چەكدار لەگەڵ هێزێكی ئاسایش لە بازگەكە دەمەقاڵییان كردووە و بۆ ماوەی 20 خولەك بەشەڕ هاتوون و لە كارمەندەكانی ئاسایشیان داوە.
باس لەوەش كراوە، شەرەكە لە بازگەی كارێز – كفری ژمارەیەك چەكدار كە خۆیان بە كۆماندۆ ناساندووە، لەگەڵ كارمەندانی ئاسایشی بازگەكە دەبێتە دەمەقاڵەیان و ماوەی نزیكەی 20 خولەك شەڕ درووست دەبێت لە نێوانیانداو پەلاماری كارمەندەكانی ئاسایش دەدەن و لێیان دەدەن.
بەپێی وتەی شایەتحاڵەكان ئەو كەسانەی كە بە كۆماندۆ خۆیان ناساندووە، بە پێچەوانەی هێڵی رۆیشتن، بازگەكەیان بڕیوەو كارمەندانی ئاسایشی بازگەكەش رێگریان لێكردوون، بۆیە ئەوانیش پەلاماری كارمەندانی ئاسایشی بازگەكەیانداوە.
دواتر ئەو چەكدارانەی كە خۆیان بە كۆماندۆ ناساندووە، بازگەكە جێدەهێلن و لە ئێستە دا بەرپرسە ئەمنییەكان سەرقاڵی پەردەپۆشكردنی كێشەكەن.
ئەمە لە كاتێكدایە كە چەند ساڵێكە ماوە نا ماوە، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست دەبێت كە لە بەشی زۆری شەڕەكاندا، هێزی كۆماندۆ كە لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە پشتیوانی دەكرێت، یەكێكە لە لایەنەكانی شەڕەكە.



