400 ملیار دۆلار لە عێراق دەدزرێت

هۆشیار زێباری: لە عێراق 400 ملیار دۆلار بەهۆی گەندەڵییەوە دزراوە.
هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووتری دارایی عێراق دەڵێت: لە دوای ساڵی 2003 گەندەڵی لە عێراق بووەتە باوترین دیاردە و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتی گرتووەتەوە، ئێستاش گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و حکومەت ناتوانێت بنبڕی بکات.
گوتیشی: “لە سەردەمی من و نووری مالیکی، ئەیاد عەللاوی، ئیبراهیم جەعفەری، حکومەتەکانی دیکە و تەنانەت حەیدەر عەبادیشدا، گەندەڵی بەو قەبارە گەورەیەی ئێستا نەبوو، ئەوکات گەندەڵی لە چەند هەزار دۆلارێکدا دەکرا”.
بەگوتەی زێباری، بەهۆی گەندەڵییەوە تائێستا زیاتر لە 400 ملیار دۆلار لە عێراق بەشێوەیەکی نایاسایی بردراوەتە دەرەوە. “تەنیا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکێکی عێراق لە ماوەی دوو ساڵدا، نزیکەی شەش ملیار دۆلاری بردووەتە دەرەوە، دواتر ئاشکرابوو پارەکە بردراوەتە عەممان و بەیروت”.