مەرجەکانی بوون بە پەرلەمانتار لە هەڵبژاردنی کوردستان بڵاوکرایەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕێنمایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕێنمایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: مەرجە لایەنە سیاسییەکان لەسەرجەم بازنەکاندا لیستی کاندیدان پێشکەش بکەن، هیچ حیزبێک ناتوانێت لە یەککاتدا لەنێو دوو هاوپەیمانێتیدا بێت، هەر لایەن و قەوارەیەک دەبێت پێنج ملیۆن دیناری عێراقی وەک ڕێکارەکانی تۆمارکردن بە کۆمیسیۆن بدات.
ڕاشیگەیاند: هەر لیست و قەوارەیەک بیەوێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن پاشەکشە بکات، مەرجە لە ڕێگەی سەرۆکی حیزبەکەوە بێت.
بە گوێرەی ڕێنمایی کۆمیسیۆن، سیستەمی هەڵبژاردن بازنەیی دەبێت و هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنە دابەش کراوە. 100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەش دەبن:
-هەولێر 34 کورسی
– سلێمانی 38 کورسی
– دهۆک 25 کورسی
– هەڵەبجە 3 کورسی
هەر كەسێک بیەوێت خۆی لە بازنەیەكدا بەربژێر بكات پێویستە ئەم مەرجانە تێدابێت:-
ــــ دەبێت ناوی لە سیستەمی بایۆمتری تۆماركرابێت.
ـــ هاونیشتمانی هەرێمی كوردستان بێت و دانیشتووی سنووری ئەو بازنەیە بێت كە خۆی لێی بەربژێر كردووە.
ـــ تەمەنی لە 25 ساڵ كەمتر نەبێت
ــ بەشدار نەبووبێت لە تاوانەكانی دەسەڵاتی ستەمكار.
ـــ سزای زیندانی نەدرابێت بەتۆمەتی بێ ڕەوشتی، كەیسی كۆمەڵایەتی، كوشتنی بە ئەنقەست، لە هیچ دۆسیەكی تاوان بەشدار نەبووبێت، بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەر دانی سامانی گشتیی سزا نەدرابێت.