هەولێر و بەغدا لەسەر كاركردن بە پڕۆژەی ‘هەژماری من’ رێكدەکەون
بەڕێوەبەری بانكە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: هەولێر و بەغدا سەبارەت بە كاركردن بە پڕۆژەی هەژماری من بۆ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی رێككەوتندان.
مەولوود سابیر بەڕێوەبەری بانكە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: پڕۆژەی ھەژماری من ئێستا لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان لە هەریەك لە پارێزگاكانی ھەولێر و سلێمانی ودھۆک بەڕێوە دەچێت و ھیچ گرفتێکی لەبەردەمدا نییە.
راشیگەیاند: لەم ماوەیەدا بانکی (تی بی ئای) عێراقیش داواکاری پێشکەش کردووە بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژەی ھەژماری من، بەمەش ئەم بانكە دەبێتە شەشەم بانک كە بەشداری لە پڕۆژەكەدا بکات.
سەبارەت بە دوایین ئامارەكانیش لەبارەی تۆماركردنی مووچەخۆران لە پڕۆژەی هەژماری من، مەولوود سابیر گوتی: تا ئێستاش 250 ھەزار مووچەخۆر تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش 150 ھەزاریان کارتەكانیان وەرگرتۆتەوە.
جەختیشی كردەوە كە تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆسەی تۆماركردن لە پڕۆژەی هەژماری من تەواو و كۆتایی دێت.
بەڕێوەبەری بانكە بازرگانییەكان ئەوەشی خستەڕوو كە دووجار شاندیان سەردانی بەغدایان کردووە و لە رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی فیدڕالی نزیكن و تەنیا بڕیاردان و یەکلاییكردنەوەی بابەتەكە ماوە.
نەشی شاردەوە كە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەردەوام لەسەر خەتن بۆ چارەسەكردنی كێشەكان و كاركردن بە پڕۆژەی هەژماری من لە دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران.
جەختیشی كردەوە كە سەرجەم بانکەکانی بەشداربوو لە پڕۆژەی ھەژماری من باوەڕپێکراون و لە بانکی ناوەندی عێراق مۆڵەتیان وەرگرتووە، هەروەها بانکی ناوەندی خۆی ڕەزامەندی داوە پڕۆژەی ھەژماری من ئەنجام بدرێت.