پەیامی مەسرور بارزانی لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش
دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش:
ئەمڕۆ ( 33 ) ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەپەڕێت کە لە 1991/4/5 لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ سەر کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان بەرەو سنوورەکان هاتە ئاراوە.
ئەم بڕیار گرنگ و مێژووییەی ئەنجومەنی ئاسایش، بووە بنەمایەک بۆ دانانی ناوچەی دژە فڕین و لە ئەنجامدا سنوورێکی بۆ هێرش و زوڵم و ستەمکارییەکانی رژێمی بەعس دانا و کوردستانی لە جینۆسایدێکی دیکە پاراست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای گەلی کوردستانەوە هات و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام درا و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات.
بڕیاری 688 وەرچەرخانێکی مێژووییە لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو مافە ڕەواکانیدا. لەم یادەدا، ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ هاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا هەیە، بەتایبەتی پشتیوانی و پشتگیریی خوالێخۆشبووان سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا فرانسۆ میتران و هاوژینەکەی دۆستی دڵسۆزی گەلی کورد خاتوو دانیێل میتران هەرگیز لە یاد ناکرێت. هەروەها پشتگیری خوالێخۆشبوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج بوش و هەروەها بەرێزان جۆن مەیجەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا و جەیمس بەیکەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا مایەی ڕێز و پێزانینی خەڵکی کوردستانە. لە هەمانکاتدا سوپاسی هاوکاری و یارمەتییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیاش دەکەین کە سنوورەکانیان بەڕووی سەدان هەزار پەنابەری هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688 ، دووپاتی دەکەینەوە کە هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەڵوێستی جیددی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیدا هەبێت و دڵنیایی بدات کە خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی نابێتەوە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/4/5